لە سلێمانی بە هەڵە گازی فرمێسکڕێژ هەڵدرایە ناو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی؛ 'تەندروستیی ١٠٠ خوێندکار تێکچوو'

20-11-2022 02:52
پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بووەوە.

پەرەگراف

لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان بە تووندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ بوونەوەو بەهۆی هەڵدانی گازی فرمێسکڕێژ بە هەڵە بۆ ناو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی، نزیکەی ١٠٠ خوێندکار تەندروستییان تێکچوو.

ئەمڕۆش خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەردەوام بوون لە دەربڕینی ناڕەزایی و بە خۆپیشاندان بەرەو بینای پارێزگا بەڕێکەوتن، پاشان هێزە ئەمنییەکان بە تووندوتیژی و گازی فرمێسکڕێژ ڕوبەڕویان بوونەوەو ژمارەیەک خوێندکار تەندروستییان تێکچوو.

سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە پەرەگرافی وت "پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان لەکاتی بڵاوەپێکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەری زانکۆی سلێمانی، بەهەڵە گازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەکی شەکرەکە لەبەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانی، کە نزیک بووە لە خۆپیشاندەرانەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی وتیشی "بەهۆی رووداوەکەوە نزیکەی 100 خوێندکاری بنەڕەتی، تووشی بێ هۆشی و تەنگەنەفەسی و چاوکزانەوە و ترس و دڵەڕاوکێ بوون، تیمەکانمان بە ئەمبوڵانس فریایان کەوتن و سەرجەم خوێندکارەکانیان چارەسەر کردو رەوانەی ماڵەوەیان کردنەوە".

خۆپیشاندانەکان لە درێژەی ناڕەزاییەکانی خوێندکارانەو داواکاری سەرەکییان بە یاساییکردنی دەرماڵەو کەمکردنەوەی پارەی خوێندنی پارالێڵە، هەر ئەمڕۆ لە گەرمیان خوێندکارانی زانکۆ بۆ ماوەیەک ڕێگای سەرەکی کەلار-سلێمانییان داخست.