ڕۆژهەڵاتی كوردستان خوێنی لێ‌ دەچۆڕێت و بەردەوامە لە خۆپیشاندان

20-11-2022 10:45
سووتاندنى ئۆتۆمبێلێکى سەربازى لە شارى جوانڕۆ

پەرەگراف

خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای زەبروزەنگی هێزە چەكدارەكانی حكومەتی ئێران بەردەوامە. خۆپیشاندانی ئەمشەو بە ناونیشانی پشتیوانی لە مهاباد بەڕێوە چوو، پاش ئەوەی حكومەتی ئێران ئەمڕۆ هێزێكی زۆری بە "چەكی سووك و مامناوەند"ـەوە ناردە ئەو شارە بۆ كپكردنی ناڕەزایەتییەكان. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی ئەمڕۆدا گیانیان لەدەست دا بۆ "حەوت" كەس بەرز بووەوە.

بەپێی زانیاريی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ و ئەمشەو لە شار و شارۆچکەكانی سنە، سەقز، كرماشان، ورمێ‌، سەردەشت، مەریوان، جوانڕۆ، دێولان، ڕەبەت، پیرانشار و پاوە خۆپیشاندانی فراوان بەردەوام بوو.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردوونەتەوە، لە هەموو ئەو شارانەی كە خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت، دیمەنی پێكدادان و دەنگی تەقە دەبیسترێت. هێزی زۆری چەكداری لەناو شارەكاندا بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران بڵاوەی پێ‌ كراوە، بەڵام خەڵكی سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "لە جوانڕۆ، سێ‌ كەس بە ناوەكانی (بەهادین وەیسیی ١٦ ساڵە، لوقمان كاكایی و عیرفان كاكایی) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكومەت گیانیان لەدەست داوە".

لە پیرانشاریش "بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران، مێرمنداڵێك بە ناوی كاروان قادر شوكریی ١٦ ساڵە و تاهیر عەزیزیی ٣٠ ساڵ، گیانیان لەدەست داوە و دەیانی دیكە بریندار بوون".

هەنگاو دەشڵێت "هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ستار ڕەحیمی، لە خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا گیانی لەدەست داوە". گەنجێکی دانیشتووی (دێولان)یش بە ناوی "موحسین نیازی" کە "لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا بریندار بووە، ئەمشەو گیانی لەدەست داوە".

لە ٦٥ـەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، مانگرتنی فراوانی دووكاندارەكان و بازاڕەكانی شار و شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوو. پاش ڕووبەڕووبوونەوە كاریگەرەكانی ئەم چەند ڕۆژەی خەڵكی مهاباد لە بەرانبەر هێزەكانی سەر بە حكومەت، ئەمڕۆ "هێزی زۆر بە چەكی سووك و مامناوەند"ـەوە ڕەوانەی ئەو شارە كران.

بەپێی ئاماری بەردەوامی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم پێنج ڕۆژەی پێشووی خۆپیشاندانەكاندا، زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سەر بە حكومەتی ئێران گیانیان لەدەست داوە و ئاماری هەر ٦٥ ڕۆژكەیش لە دەوروبەری  ١٠٠ كەسدایە.

لە شارەكانی دیكەی ئێرانیش لەوانە تارانی پایتەخت، ئیسفەهان، مەشهەد، نیكشەهر لە بلوچستان، خوڕەمئاباد و ئەراك خۆپیشاندان بەردەوامە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی حكومەت دروست بووە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێكدا كە دوێنێ‌ ١٩-١١-٢٠٢٢ بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "بە لای كەمەوە لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران ٣٧٨ كەس گیانیان لەدەست داوە، كە ٤٧ منداڵ و ٢٧ ژنیان لەناودایە".