سوپای پاسدارانی ئێران بارەگای حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی لە کۆیەو زڕگوێز بۆردومان کرد

21-11-2022 12:49
ئاسەواری بۆردومانی ئەمڕۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز، 28-9-2022. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

کەمێک پێش ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران بارەگای حیزبی دیموکراتی لە کۆیەو کەمپی جەژنیکانی لە بەحرکەی ھەولێر بە مووشەک کردە ئامانج. کەمپەکە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێن.

لە ھەمانکاتدا سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بارەگای کۆمەڵەی لە زڕگوێزەڵەی سلێمانی کردە ئامانج.

لەگەڵ ئەو ھێرشانەی ئێراندا کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.

ئەوە لەکاتێکدایە خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای زەبروزەنگی هێزە چەكدارەكانی حكومەتی ئێران بەردەوامە.

خۆپیشاندانی ئەمشەو بە ناونیشانی پشتیوانی لە مهاباد بەڕێوە چوو، پاش ئەوەی حكومەتی ئێران ئەمڕۆ هێزێكی زۆری بە "چەكی سووك و مامناوەند"ـەوە ناردە ئەو شارە بۆ كپكردنی ناڕەزایەتییەكان. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی ئەمڕۆدا گیانیان لەدەست دا بۆ "حەوت" كەس بەرز بووەوە.