دژەتیرۆری کوردستان: سوپای پاسداران لە ڕێگەی 7 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشەکەی ئەنجامدا

21-11-2022 02:02

پەرەگراف

دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی 7 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کەمپی جێژنیکان و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم بۆردومان کردو بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو.

شەوی ڕابردوو سوپای پاسداران، کەمپی جێژنیکانی کرد لە بەحرکە کە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێن، هاوکات بارەگاکانی هەریەکە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد.

دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت "بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەوەی زانراوە لە هێرشەکاندا نزیکەی 7 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێنراوە، بە جۆرێک 2 درۆنی بۆمبڕێژکراو کەمپی جێژنیکانی لە بەحرکە و 3 مووشەک بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک شاری کۆیەی پارێزگای هەولێر کردووەتەوە ئامانج و تێیدا کەسێک شەهید بوو".

"هاوکات 2 درۆنی بۆمبڕێژکراویش بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووەتەوە ئامانج، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە" دژەتیرۆر وادەڵێت.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی ھەرێم بە تووندی ئیدانەی بۆردومانەکەی کردو داوا لە ئێران دەکات، "ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمیکوردستان ڕابگرێت ، چونکە سەقامگیریی، ھەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت".

"پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقییاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە" حکومەتی هەرێم وادەڵێت، دەشڵێت، داوا لە دۆست و ھاوبەشانی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، "ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت".