نەوەی نوێ: سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد

21-11-2022 02:51
کۆبوونەوەیەکی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد.

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر داوای ئەوان سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فراکسیۆنەکە کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، بڕیارەکان تایبەتن بە ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم کە بڕەکەی  ١٥٠ ملیۆن لیترە لەگەڵ کردنەوەی هەردوو خاڵی سنوری کێلێ و سازان و بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەو بەنداوی دەڵگە لە قەڵادزە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێنج بڕیاری گرنگی لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرکرد:

محمەد شیاع، سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بەفەرمی ئیمزای لەسەر پێنج بریاری گرنگ کرد لە نێویدا ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی  ١٥٠ ملیۆن لیترە.

هەروەها هەر لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیمزای لەسەر کردنەوەی هەردوو خاڵی سنوری کێلێ و سازان کرد، کە بکرێنە خاڵی سنوری فەرمی.

سەرۆکوەزیران لە بڕیارێکی دیکەیدا، بەنوسراوی فەرمی، داوایکرد کە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی بخرێتە بواری جێبەخێکردنەوە.

هەروەها شیاع سودانی، ئیمزای لەسەر درووستکردنی بەنداوی دەڵگە کرد لە قەڵادزە.

بە پێی نوسراوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەر پێنج بڕیارەکە لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ بووە لەپەرلەمانی عێراق، کە ئەوەش یەکەمجارە هێزێکی سیاسی خاوەنی ٩ کورسی پەرلەمانی بێت و ئامادە نەبێت ئەو دەنگ و کورسیانە بگۆڕێتەوە بە پۆست و وەزارەت لە حکومەت. بەڵکو لە بری ئەوە داوای خزمەتکردنی هاوڵاتییان بکات و کورسی و دەنگەکانی بۆ ئەو مەبەستە بەکار بهێنێت.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق

٢١-١١-٢٠٢٢