ڕووبەڕووبوونەوەی توندی خۆپیشاندەران و هێزەكانی ئێران لە جوانڕۆ، هەنگاو: كۆمەڵكوژی ئەنجام دراوە

21-11-2022 04:07


پەرەگراف

لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادانی توند لە نێوان خەڵك و هێزەکانی حكومەتی ئێران ڕووی دا، بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە "پێنج کەس" گیانیان لەدەست داوە و "دەیان کەس" بریندار بوون. لە ماوەی 24 كاتژمێریشدا "13" كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری جوانڕۆ كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردووەتەوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران بەناو شەقام و كۆڵانەكانی ئەو شارەدا دەستڕێژی گوللـە لە خۆپیشاندەران دەكەن و ئەوانیش بە بەرد ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. ئەو هێزانە بە جۆرێك تەقە لە خەڵك دەكەن كە دەرفەتی هەڵگرتنەوەی تەرم و ڕزگاركردنی بریندارەكانیان نییە.

حكومەتی ئێران هێزی زۆری ڕەوانەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت جوانڕۆ و مهاباد كردووە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان، بەڵام خەڵك سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەكان و ڕووبەڕووی ئەو هێزانە بوونەتەوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕووداوەكانی ئەمڕۆی جوانڕۆی بە "كۆمەڵكوژ"ی ناو بردووە و دەڵێت "بەلای کەمەوە پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە".

ژیلا موستەئجیر، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێكخراوی هەنگاو، دەڵێت "لە شاری پیرانشار لە كاتی ناشتنی تەرمی دوو كەس لە قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی شەوی ڕابردوو، هێزەكانی ئێران تەقەیان لە خەڵك كردووە و دوو كەسی دیكە گیانیان لەدەست داوە".

بەپێی دوایین ئاماری كە هەنگاو كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 21-11-2022 بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا "بەلای كەمەوە 13 هاووڵاتی لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست داوە، حەوت كەس لە جوانڕۆ، چوار كەس لە پیرانشار، یەكی یەك كەسیش لە بۆكان و دێولان".