مەسرور بارزانی: لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری گاز و هۆکاری ڕووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکرێت

22-11-2022 12:37
كۆبونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیرو بەرپرسانی پەیوەندیدار لەبارەی ڕووداوەکانی تەقینەوە بەھۆی گازەوە

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری گاز و لایەنە جێبەجێکارەکان و هۆکارەکانی ڕووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن.

سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە تەقینەوە گازییەکانی سلێمانی و دهۆک.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، باسی لە گیانفیدایی و قوربانیدانی رائید عەلی بەرواری جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک و پۆلیسە هاوکارەکانی کردووە کە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی قوتابییان، خۆیان کردە قوربانی.

"سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جیدی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن، تا دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەکارهێنانی سیستەمەکە لەو شوێنانەی بەکاردەھێنرێت، رابگیرێت".

درەنگانی شەوی رابردوو تەقینەوەیەک بەهۆی گازەوە لە گەڕەکی گرێ باسێ لە دهۆک روویدا، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداو ٤٢ کەسی دیکەش برینداربوون و زیان بە چەند ئۆتۆمبێل و ماڵێک گەیشت، بەپێی ئامارەکانی پارێزگاری دهۆک.

ئەو بینایەی تەقینەوەکە تێیدا ڕوویدا نهۆمی خوارەوەی فڕن بووەو نهۆمی سەرەوەی بەشەناوخۆیی خوێندکاران بووە.

ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئەفسەرێکی پۆلیس، دوو پۆلیس، خوێندکارێکی زانکۆ و کرێکارێکن.