سوودانی: پابەندین بە دستوور بۆ چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوكان لەگەڵ هەرێم

22-11-2022 03:09

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی هەرێمدا جەخت لە "چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بە دستوور" كراوەتەوە. هەردوو هاوڕا بوون لەسەر "ڕەتكردنەوەی بەزاندنی سنوور و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، خاكی عێراقیش نەبێتە پێگەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ".

بەیانیی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بە سەردانێك گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق دوو ڕاگەیاندراویان لەسەر كۆبوونەوەكە بڵاو كردەوە كە ناوەرۆكی هاوشێوەیان هەیە.

لە ڕاگەیەندراوەكاندا هاتووە "هەردوولا لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە گرنگیی یەكهەڵوێستی لەسەر ئاستی نیشتمانی كردەوە، یەكڕیزی و هەماهەنگییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لە بواری ئابووری و بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییەكاندا بە پێویست زانی بەمەبەستی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق".

ڕاگەردراوەكە دەشڵێت "سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ‌حكوومەتی فیدراڵ پابەندی ‌دەستووری عێراقە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ‌شێوەیەك كە ‌مافی هەموو پێكهاتەكان مسۆگەر بكات".

سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی وڵاتانی دراوسێیش بۆ سەر خاكی هەرێم و عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا "داكۆكی لە هاوكاریی نێوان هەردوولا" كراوەتەوە "بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و ڕەتكردنەوەی بەزاندنە بەردەوامەكان".

هاوكات هەردوولا هاوڕا بوون كە كار بۆ ئەوە بكەن "خاكی عێراق نەبێتە پێگەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ".

هەر ئەمڕۆیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق كۆبووەوە. پێشتریش لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لە هاوپەیمانیی سیادە كۆبووەوە.