بارەگاكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە پردێ‌ لەلایەن ئێرانەوە مووشەكباران كران

22-11-2022 04:12

پەرەگراف

بارەگاكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە پردێ‌ لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەك كرانە ئامانج. وتەبێژی پارتەكە دەڵێت "بارەگاكانمان بە چوار مووشەكی بالیستی كرانە ئامانج و زیانی گیانی نەبووە".

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتیشی "لە نزیكی شوێن و سەنگەری حسێن یەزدان پەنا، سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دراوە، بەڵام خۆشبەختانە خۆی سەلامەتە".

وتەبێژی پارتەكە دەڵێت "هەندێك بارەگامان بەركەوتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامادەكاریمان كردووە، كەمتر پێشمەرگەمان لەناو بارەگاكاندا بوون، زیاتر لە حەشارگەدا بوون، بۆیە تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە".

خەلیل نادری بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەش كرد "سەرەتا وتمان ڕەنگە لە ناوخۆی عێراقەوە كرابینە ئامانج، بەڵام لەبەر ئەوەوەی مووشەكەكان بالیستین، دەبێت لە ئێرانەوە هاوێژرابێتن".