ڕۆژهەڵاتی كوردستان سوورە لەسەر خۆپیشاندان و بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوە

22-11-2022 11:48

پەرەگراف

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت "ژمارەی ئەو كەسانەی لە خۆپشاندانەكانی ئێراندا گیانیان لەدەست داە، بەلای كەمەوە بۆ 416 كەس بەرز بووەتەوە، تەنیا لە یەك هەفتەی ڕابردوویشدا زیاتر لە 72 كەس گیانیان لەدەست داوە كە زیاتر لە 56 كەسیان لە ناوچە كوردنشینەكان بووە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش كە چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاـی كوردستان دەكات، ژمارەی گیانلەدەستداوانی ئەم هەفتەیەی ڕۆژهەڵاتی بەلای كەمەوە بە "42" كەس ڕاگەیاندووە. دەشڵێت "زیاتر لە هەزار و 500 كەس گیانیان لەدەست داوە".

لە ڕۆژی ناشتنی مەهسا ئەمینی لە زێدی خۆی لە شاری سەقز، كە دەكاتە 67 ڕۆژ، خۆپیشاندان لە دەیان شار و شارۆچكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ئێران بەردەوامە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت "لەنێو ئەو كەسانەی كە گیانیان لەدەست داوە، 51 منداڵ و 27 ژن هەن".

ڕێكخراوەكە تیشكی خستووەتە سەر توندووتیژییەكانی یەك هەفتەی كۆتایی خۆپیشاندانەكان و دەڵێت "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین لە چوارچێوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لێكۆڵینەوە لەو كوشتارە فراوانە بكات بە تایبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ناوچە كوردنشینەكان، پێشتریش لە بلوچستان ئەنجام دراوە".

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاندووە "لەگەڵ تاوانی بەكارهێنانی گوللـەی جەنگی لە دژی خۆپیشاندەران، حكومەتی ئێران بە شێوەی سیستماتیك دەستی كردووە بە كوشتنی خەڵكی مەدەنی لە بلوچستان و كوردستان، پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ ڕێگری لەم تاوانە بنێت".

هاوكات ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەڵێت "لە ڕۆژی سێشەممە 15-11-2022 تا ڕۆژی دووشەممە 21-11-2022، بەلای كەمەوە ١٢ كەس لە بۆكان ٧ لە جوانڕۆ، ٧ لە سنە، ٤ لە مەهاباد، ٤ لە پیرانشار، ٢ لە كامیاران، ٢ لە سەقز، ٢ لە دیواندەرە، یەكی یەك كەس لە بانە و دێولان گیانیان لەدەست داوە".

"بەپێی بەلًَگەكانی بەردەستی هەنگاو، ٤٠ حاڵەت بەرامبەر بە ٩٥٪، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكومەتییەكان كوژراون، كە زۆربەیان سەر و سینگیان كراوەتە ئامانجی تەقەكان. هەروەها هاووڵاتییەك لە دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزە حكومەتییەكان، لەژێر ئەشكەنجەدا كوژرا و هاووڵاتییەكی دیكە بەهۆیی سەختیی برینەكەی لە ئەنجامی لێدانی چەقۆ، گیانی لەدەست دا".

ماوەی هەفتەیەكە حكومەتی ئێران بەربەردەوامی هێز ڕەوانەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لە ڕێگەی بەكارهێنانی غاز و گوللـەی گەرمەوە هەوڵی كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان دەدات، بە تایبەت لە شارەكانی جوانڕۆ و مهاباد، بەڵام خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕووبەڕووی ئەو هێزانە بوونەتەوە و سوورن لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتییەكان.