دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی لەبەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم دەركرد

23-11-2022 01:26

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی لەبەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم دەركردو بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە مووچەی خانەنشینان زیاد دەکات.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا لە دۆسیەی سکاڵای خانەنشینان لەدژی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارای ھەرێم.

دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستوری بونی کارکردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە، ھەروەھا پابەند کردنی دەسەڵاتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو لەهەرێمی کوردستان.

یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسیەکەیەو ئەمڕۆش ئامادەبووە لە دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیارەکە بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناودەبات.

ئەوەش دەخاتە ڕوو، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی بەرکاری ئێستای عێراق لە بەرژەوەندیی خانەنشینانە، "بۆ نمونە لانی کەمی موچەی خانەنشینی لە یاسای ژمارە ٩ی  ٢٠١٤ی هەموارکراوی بەرکار لە عێراق (٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد هەزار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە ٢٧یساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و رێنماییەکانی هەرێم (٢٢٠٠٠٠ دوسەد و بیست هەزار) دینارە، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەکی زیاتر لە موجەیخانەنشینی لە نێوان بەرزترین موچە و کەمترین موچە، رەچاو کردنی بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، رەچاوکردنی رێژەی گرانبونی باری بژێوی لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی ١٢ مانگ موچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی ٢٥ ساڵ و زیاترخزمەتیان هەیە و چەندین جیاوازیی تر".