لە سلێمانی هێزە ئەمنییەكان لە پزیشكێك دەدەن؛ پزیشكان هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەكەن

06-04-2020 04:19


پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لە پزیشكێك دەدەن، ڕووداوەكە كاردانەوەی پزیشكانی لێكەوتەوەو لە بەیاننامەیەكدا داوای لێپێچینەوەی جددی‌و سزادانی هێرشكاران دەكەن، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەكەن.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕووداوەكە هاتە دەنگ‌و ڕایگەیاند: داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ھێرشی سەر پزیشكێكی شاری سلێمانی بكرێت و ڕێككاری یاسایی بگیرێتە بەر.

ئەو پزیشكەی لێی دراوە پسپۆڕی بێهۆشكارییەو دوای تەواوبوونی دەوام بە ڕێگاوە بووە بۆ ماڵەوە، بەڵام هێزێكی ئەمنیی لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆدا ڕایان گرتووەو دواتر هێرشیان كردووەتەسەری.

بەیاننامەی پزیشكانی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەكە

لەگەل دەركەوتنی نەخۆشی (كۆرۆنا) پزیشكانی شاری سلێمانی بە تێكرا سنگی خۆیان كردە قەڵغان بۆ پاراستن و چارەسەركردنی هاووڵاتییان و هاونیشتمانیانی شاری خۆشەویستی سلێمانی و لەم ساتە وەختەشدا كە كۆرۆنا هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆسەر ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان، ئێمەی پزیشكان لە سەنگەری پێشەوەی كاركردنین دژ بە نەخۆشی كۆرۆنا، بەڵام بە داخەوە لە جێی پێزانین و هاوكاریكردنمان لە پایی ئەو ئەركە قورسەی سەرشانمان بە بڕیارێكی نا شایستەی (وەزارەتی ناوخۆ) ئاستەنگی گەورە بۆ ئەم خزمەتكردنەی پزیشكان دروستكراوە و لە ماوەی ٢ ڕۆژی ڕابردوو پزیشكان بە زەحمەتێكی زۆر توانیویانە بچنە سەركار و ئەمڕۆ ڕێكەوتی 6-4-2020 پزیشكێكی بێهۆشكاری پاش تەواو بوونی ئەركەكەی لە نەخۆشخانە و گەڕانەوەی بۆ ماڵ، دراوەتە بەرشەقی هێزە ئەمنیەكان، هەربۆیە ئێمەی پزیشكانی سلێمانی بە كۆی دەنگ داواكارین لە وەزارەتی ناوبراو:

١- لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ لە بكەرانی ئەو تاوانە بكرێت.

٢- دەست بەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و دابینكردنی ڕێكار و هۆكاری هاتووچۆی سەلامەت بۆ پزیشكان.

لە ئەگەری بەهەند وەرنەگرتنی داواكاریەكانی ئەم بەیاننامەیە لە دوای (٢٤) كاتژمێر وەزارەتی ناوبراو بەرپرس دەبێت لە هەر وەستانێك كە لە خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوودەدات.

پزیشكانی سلێمانی
رێكەوتی ٦/٤/٢٠٢٠