وەزارەتی خوێندنی باڵا كاركردنی بە سیستمی غاز لە سەرجەم دامەزراوەكانی ڕاگرت

23-11-2022 04:33

پەرەراف

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێم كاركردنی بە سیستمی غازی شل لە سەرجەم دامەزراوەكانی وەزارەتەكە ڕاگرت.

وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە كە بڕیارەكە "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەلامەتی گیان و ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندكاران، لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەكان و دامەزراوەكانی دیكەیدا" دەكراوە.

بڕیارەكه لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆریی وەزارەتەكەوە دەرچووە. جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە دامەزراوەكان دەستبەجێ كاركردن بە سیستمی غازی شل ڕابگرن".

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت "پێویستە بە زووترین كات و زۆر بە وردی، بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سیستمانە بكرێ كە بەمەبەستی ئامادەكردن یان گەرمكردنەوەی خواردن بەكاردێن، لە سەلامەتییان دڵنیا ببنەوە"، ئەوەش بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لە ماوەی سێ ڕۆژدا.

لە خاڵێكی دیكەی نووسراوەكەدا هاتووە "دەبێت هەموو ئەو سیستمانەی بەمەبەستی ئامادەكردن و گەرمكردنەوەی خواردن لەسەر هەموو زانكۆ و پەیمانگە و دامەزراوەكانی سەر بەوەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەكان بەكار دێن، ڕێگەپێدانی بەرگریی شارستانییان هەبێت و مۆڵەتی دانانی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە هەبێت".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لە حاڵەتی كەمتەرخەمی و جێبەجێنەكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، لایەنی كەمتەرخەم ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.