مەسرور بارزانی بۆ وڵاتانی دراوسێ: دڵنیایی دەدەین کە هەرێمی کوردستان جێی مەترسیی نییە

23-11-2022 04:37

پەرەگراف

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە داوای وەستاندنی مووشەکبارانەکانی ئێران و "دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرش و دەستدرێژییانە دەکات لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە"، هەموو وڵاتانی دراوسێ دڵنیا دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی سەقامگیرییە و جێی مەترسیی نییە. ئیرانیش سوورە لەسەر بەردەوامبوونی هێرشەکانی.

مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لەکردنەوەی بەشێکی دیکەی شەقامی ١٥٠ مەتریی لە هەولێر، وتی "بەداخەوە بینیمان لە ماوەی رابردوو دیسان كوردستان مووشەكباران كرا و ڕووبەڕووی هەندێك هێرشی ناڕەوا بووینەتەوە كە بیانووی جیاجیا دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری خاكی هەرێمی كوردستان بدرێ و سەروەریی خاك و نیشتمانەكەمان پێشێل بكرێ، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك، هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، هیوادارین ئەم جۆرە پێشێلكارییانە كۆتاییان پێ بێت".

"هەموو وڵاتانی دراوسێمان دڵنیا دەكەینەوە كە كوردستان شوێنی سەقامگیرییە، كوردستان جێی مەترسی نییە. بەهیچ شێوەیەك ئێمە نامانەوێ سەقامگیریی و ئاسایشی هیچ وڵاتێك تێكبچێت، هیوادارین ئەوانیش، هەر بە هەمان چاو سەیری دۆستایەتیی كوردستان و خەڵكی كوردستان بكەن، پاڵپشت و هاوكارمان بن. ئەوەی بە پاڵپشتی و هاوكاری بەدی دێ، بێگومان بە چاوی گومانەوە بەدی نایەت. بۆیە ئێمە دەستی دۆستایەتی كە درێژ دەكەین، هیوادارین لایەنەكانی تریش هەر بەو چاوە وەكوو دۆستێك مامەڵەمان لەگەڵ بكەن. بە هەموو شێوەیەك ئێمە سەركۆنەی هەر جۆرە دەستدرێژییەك دەكەین كە دەكرێتە سەر خاكەكەمان" سەرۆکی حکومەت وای وت.

لەگەڵ ئەو داوایانەی هەرێمدا، ئێران سوورە لەسەر بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی و، ئەمڕۆ حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی هەڕەشە ئەمنییەکان بمێنن.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ جارێکی دیکە بارەگاكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە پردێ‌ لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەك كرانە ئامانج، دوای ئەوە ڕۆژی پێشتریش لە کۆیەو زڕگوێز ئێران بە مووشەک و درۆن بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بارەگای حیزبەکانی کرد.