تورکیا ئەو ھێزەی بۆردومان کرد کە پارێزگاری لە کەمپی ھۆل دەکات؛ 'ژمارەیەک خێزانی داعش ھاڵھاتن'

23-11-2022 08:22

پەرەگراف

"فڕۆکەکانی تورکیا ئەو ھێزە ناوخۆییەیان بۆردومان کرد کە بەرپرسە لە پاراستنی کەمپی ھۆل، بەوھۆیەوە ژمارەیەک خێزانی داعش ھاڵھاتن" فەرھاد شامی بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەسەدە وادەڵێت.

شامی لە تویتێکدا دەشڵێت "ئەمە نیشاندنی نیازی تورکیایە بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانی داعش و ئەندامەکانیان تا ھەڵبێن. ئێمە نیگەرانین لەوەی تورکیا زیندانەکانی ناوچەکە بکاتە ئامانج".

کەمپی ھۆل گەورەترین کەمپی خێزانەکانی داعشەو ھەزاران خێزانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی تێدایەو دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لەڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن شەڕڤانانی ھەسەدەوە پارێزگاریی لێدەکرێت.

تورکیا چەند ڕۆژێکە دەستی کردووە بە بۆردومانی ڕۆژئاوای کوردستان و دوو ڕۆژیشە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومانی کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گاز دەکات لە سنوری قامیشلۆ و حەسەکە.

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان بە فڕۆکە و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنیا سەرەتایەو هێرشە ئاسمانییەکانیان بەردەوام دەبن و لە گونجاوترین کاتدا لە رێگەی وشکانیشەوە هێرش دەستپێدەکەن.