
پەرەگراف
عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم هێزی پاسەوانی سنوور لەسەر سنوورەكانی توركیا و ئێران بڵاوە پێ دەكات
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بە ئامادەبوونی سەرۆكئەركانی پێشمەرگە، كۆبووەوە و تاوتوێی "دەستدرێژی و دەستوەردانەكانی توركیا و ئێرانی لە سنوورەكانی عێراق" كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك بڕیار دراون بۆ پاراستنی سنوورەكانی عێراق و كۆتایهێنان بە پێشێلكارییەكانی ئێران و توركیا، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بڕیارەکان:
یەكەم: دانانی پلانێك بۆ دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاسەوانی سنوور بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی خاڵی سفر بە درێژایی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و توركیا.
دووەم: دابینكردنی هەموو پێداویستییە لۆجستییەكانی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنوور و بەهێزكردنی توانای مرۆیی، دابینكردنی دارایی پێویست و پشتیوانیكردنیان بە كەرستە و چەكی پێویست كە بتوانن لە ڕێگەیانەوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
سێیەم: بەردەستخستنی توانای مرۆیی زیاتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ بەهێزكردنی بنكەكانی سنوور.
چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە، بە ئامانجی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پارێزگاریكردن لە سنووری عێراق.