مووچەو بودجەی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراقدا جێگیر کرا

24-11-2022 12:49

پەرەگراف

پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێت، مووچەو بودجەی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی داھاتوی عێراقدا جێگیرکرا.

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت "لە دوای هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ بەدواداچوون لەبارەی جێگیرکردنی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگەو موچەو بودجەو مافەکانیان، ئەمڕۆ سەردانی بەڕێز وەزیری بەرگری عێراقمان کردو تەئکیدمان لە داواکەمان کردەوە. بە خۆشحاڵییەوە بەڕێزیان پێی ڕاگەیاندین مووچەو بودجەی لیوای ٢٠ی ھێزەکانی پێشمەرگە لە لە پڕۆژە بودجەی٢٠٢٣دا جێگیر کراوە".

ئەو لیوایەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لە نێوان ھەرێم و عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم پێکھێنرا، تا بەھاوبەشیی لەگەڵ لیوایەکی عێراق ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ، بڕیاربوو حکومەتی عێراق بودجەیان دابین بکات، بەڵام بە پاساوی نەبوونی بودجە عێراق ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.

پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ چەندینجار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوەو داوای مووچەو مافەکانیان کردووە، بەڵام بەدەمەوەچوون نەبووە بۆداواکانیان.