مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕۆژی شەممە 'خۆپیشاندان و ڕێپێوانی فراوان' ئەنجام دەدەن

24-11-2022 03:48

پەرەگراف

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی ڕۆژی شەممە 26-11-2022یان بۆ ئەنجامدانی "خۆپیشاندان و ڕێپێوانی فراوان" دیاری كرد، لە بەرانبەر بڕیاری حكومەت بۆ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە بە شێوەیەكی "مەرجدار".

نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشیان "تەنیا ڕۆژی شەممە بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن دەكەین. داوا لە دایكان و باوكانیش دەكەین ئەو ڕۆژە هاوكارمان بن و ڕۆڵەكانیان بۆ خوێندنگە نەنێرنەوە".

هەروەها داوایان لە گشت چین و توێژەكان كرد بە تایبەت فەرمانبەران "كە وەستانی پلە بەرزركردنەوە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر قووتی منداڵەكانیان داناوە، بەشدار بن لە ناڕەزایەتییەكان".

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوویان لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانیان، دەڵێن "بۆ هەڵوێست و قۆناغی داهاتوو دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی شار و شارۆچكەكان بكەین".

وەكوو خۆیان باسیان كرد، "ماوەی شەش ساڵە بە بڕیارێكی نایاسایی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگیراوە، كەچی دەیانەوێت بە بڕیارێكی دیكەی نایاسایی میزاجییانە پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار دەست پێ‌ بكەنەوە".

مامۆستایان و فەرمانبەران دژی مەرجداركردنی پلە بەرزكردنەوەن و جەخت دەكەنەوە كە دەبێت حكومەت بەبێ‌ مەرج پلە بەرزكردنەوە بۆ هەموو فەرمانبەران و مامۆستایان دەست پێ‌ بكاتەوە.