هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕوونكردنەوە لەسەر هێرشكردنەسەر پزیشكەكە دەدات

06-04-2020 05:20


پەرەگراف

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، ڕوونكردەوە لەبارەی هێرشكردنەسەر پزیشكێك دەدات‌و دەڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستبەجێ چوونەتە شوێنی ڕووداوەكەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە.

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ لە پزیشكێكیان دا، ڕووداوەكە كاردانەوەی پزیشكانی لێكەوتەوەو لە بەیاننامەیەكدا داوای لێپێچینەوەی جددی‌و سزادانی هێرشكاران دەكەن، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەكەن.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕووداوەكە هاتە دەنگ‌و ڕایگەیاند: داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ھێرشی سەر پزیشكێكی شاری سلێمانی بكرێت و ڕێككاری یاسایی بگیرێتە بەر.

ئەو پزیشكەی لێی دراوە پسپۆڕی بێهۆشكارییەو دوای تەواوبوونی دەوام بە ڕێگاوە بووە بۆ ماڵەوە، بەڵام هێزێكی ئەمنیی لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆدا ڕایان گرتووەو دواتر هێرشیان كردووەتەسەری.

ڕوونكردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

ئەمڕۆ، لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆدا (كە داخوازییەكی تەندروستییەو لەپێناوی تەندروستیی هەمووماندا)، ڕووداوێكی نەخوازراو لەنێوان بەڕێزان تیمێكی چاودێریی و پزیشكێكی بەڕێزدا؛ ڕوویداوە.
لەگەڵ ڕوودانی ڕووداوەكەدا بەڕێزان قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی پارێزگای سلێمانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكەو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێنراوە.

لە هەمان كاتدا بە فەرمانی دادوەر چوار كەس لە رووداوە نەخوازراوەكەی دوێنێی گوندی بێسەڵمێنی سەر بە قەزای شارەزووردا بەشدارییان كردبوو، دەستگیركران و رێوشوێنی یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.

بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە؛ وەك هەمیشە سوپاس و ستایشی كەرتی تەندروستی و بەڕێزان پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی و هەموو هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆو بەرگری شارستانی و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و هێزەكانی پێشمەرگەو لیواكانی سكرتاریەت دەكەین، كە لەگەڵ هەموو یەكە كارگێڕیی و دامەزراوە تەندروستیی و ئارامیی و خزمەتگوزاریی و كارگێڕیی و داراییەكاندا، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی و بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٦ / ٤ / ٢٠٢٠