ئێران ھێزو چەکی قورس ڕەوانەی سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات

25-11-2022 03:15

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران هێز و تانک و زڕێپۆشی ڕەوانەی سنورەکانی هەرێمی کوردستان کردو دەڵێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ ناردنی ھێزی بۆ سنورەکانی ھەرێم پشتڕاست کردەوەو ڕایگەیاند "لەدوای جووڵەی گرووپە تیرۆریستی و جوداخوازییەکانی دژبەری ئێران لە باکووری رۆژئاوای وڵات و دروستکردنی پشێوی ونەبوونی ئاسایش لە ژمارەیەک ناوچە، هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران دەستی بە زیاترکردنی هێزەکانی لەسەر سنوور لەپارێزگاکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای وڵات کرد. بەتووندی رووبەڕووی هۆکارەکانی نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکە دەبینەوە، بەهاوکاریی لەگەڵ دانیشتووانی بوێری ناوچەکە." 

"هەندێک لە یەکەکانی زرێپۆش و هێزە تایبەتەکانی سەر بە هێزە زەمینییەکان ئێستا بەرەو ناوچەکانی سنوور لە رۆژئاوا و باکووریرۆژئاوای وڵات جووڵەیان پێکراوە" پاکپور وای وت، مەبەست لەو ناوچانەش سنورەکانی ھەرێمی کوردستانەو وتیشی، ئەو ھەنگاوەیان "بۆرێگریکردنە لە گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە گرووپە جوداخوازەکان کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن."

ھاوکات  چەناڵەکانی سوپای پاسداران لە تەلەگرام دەڵێن، ناردنی هێزی سەربازی و چەکی قورس بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، "وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە ماوەی 10 ڕۆژدا دەسەڵاتدارانی هەرێم وعێراق کۆنتڕۆڵی بنکەو بارەگاکانی ئەو حزبانە نەکەن".

لەدوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان بە ھۆی مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێران کە ٧٠ ڕۆژە بەردەوامن، ئێران چەندینجا بە مووشەک و درۆن بارەگای حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی بۆردومان کردووەو زیاتر لە ٢٠ شەھیدو دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە.