بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی چوونە ناو پارتی؛ كوڕەكانی: ڕێبازی ڕاستەقینەی كوردایەتیمان هەڵبژارد

25-11-2022 07:00
کوڕو کەسوکاری موراد کانی کوردەیی لەگەڵ کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی.

پەرەگراف

كەسوكاری موراد كانی كوردەیی لە ساڵڕۆژی كوژرانیدا چوونە ناو پارتی دیموكراتەوە و كوڕەكانی دەڵێن "ئێستا ڕۆحی باوكمان و هەڤاڵانی ئارامە كە ئێمە ڕێبازی ڕاستەقینەی كوردایەتیمان هەڵبژاردووە". لاهوور شێخ جەنگیش دەڵێت "ئەوانەی دەستیان لە شەهیدكردنیان هەبوو، دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەموو شێرەكوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن".

لە كاتی پێشوازیكردن لە كوڕان و بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی، كەمال كەركووكی، ئەندامی كەمتەبی سیاسیی پارتی، ڕوو لە بەرپرسانی یەكێتی وتی "ناكرێت هەر كەسێك بگریت و بیكوژیت، لەبەر ئەوەی تۆ دەستڕۆیشتوویت".

كەمال كەركووكی وتیشی "ئێمە ناڵێین یەكێتی تیرۆچین و كەسی خراپن، كەسانی شۆڕشگێڕی وەكو بنەماڵەی موراد كانی كوردەییشیان تێدایە، بەڵام دەستڕۆیشتووان لێرە و لەوێ‌ هەن بە ئارەزووی خۆیان كار دەكەن و خەڵكی دڵسۆز لەناو حیزبەكەی خۆیشیان بێت هەوڵ دەدەن لەناویان ببەن".

ئێوارەی 25-11-2021، عەید موراد كانی كوردەیی، فەرماندەی سەربازیی نیزك لە لاهور شێخ جەنگی و پاسەوانەكانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لەناو بازاڕی ڕانیە دەستڕێژی گوللـەیان لێ‌ كرا، دوو پاسەوانی گیانیان لەدەست دا و خۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەكەوە بۆ سلێمانی بردرا، دواتر كەسوكارەكەی ئاگادار كرانەوە كە بچنە پزیشكی دادی سلێمانی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكەی.

ئەمڕۆ لە كاتی پەیوەندیكردنیان بە پارتییەوە، یەكێك لە كوڕەكانی وتی "ڕۆژی شەهیدكردنی باوكامان بۆ ئێمە زۆر سەخت و دژوارە، بەڵام بە بڕیاری بنەماڵە و كەسوكارمان بۆ گواستنەوەی سەنگەری خەبات بۆ ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ڕادەیەكی زۆر زۆر ئاسادە و دڵ مورتاحین".

كوڕەكەی موراد كانی كوردەیی وتیشی "بۆمان دەركەوت كە ڕێبازی بارزانیی نەمر بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار كا مەسعود بارزانی، ڕێبازی ڕاستەقینە كوردایەتییە".

كەمال كەركووكی لە كاتی پێشوازی لە بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی، وتی "كوڕ و برا و خاڵۆزا و پوورزا و كەسوكاری شەهید موراد كارنی كوردەیی كە بێ‌ ئەوەی كەس زەختیان لێ‌ بكات و تەماحیان بخاتە بەر، ڕوویان لە پارتی كردووە".

لە ساڵڕۆژی كوژرانی موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانیدا، لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت "ئەوانەی كە دەستیان هەبوو لە تیرۆركردنیان، بە بێباكی و لووتبەرزییەوە بە بەرچاوی هەموانەوە دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ترس و تۆقاندن و بە تاڵانبردنی سەرمایە و هەڕاجكردنی ئەم خاكە، بارودۆخێكیان دروست كردووە كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشیستیش وێنەی نەبووە، بێئاگان لەوەی كە كەوتوونەتە بەر نەفرەتی میللەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باریان لە لێژی و هەنگاو بەرەو ڕیسوابوونی یەكجارەكی دەبەن".