ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە؛ پارتی و یەکێتی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەڵوێستی جیاوازیان هەیە

26-11-2022 04:09
ڕەوا بورهان ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکە - لۆگۆی ئاسایش.

پەرەگراف

ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوەو بڕیارە سبەینێ ببرێتە بەردەم دادوەر، لیژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکی تووندی لەسەر دۆخی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی بڵاوکردەوە، بەڵام جێگری نەقیبی سەندیکا کە یەکێتییە بەیاننامەکە ڕەتدەکاتەوە.

ڕۆژنامەنووس ڕەوا بورهان کە لە چەند دەزگایەکی میدیایی کاری کردووە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیر کراوە، زانیاریی وردو فەرمیی نییە لەبارەی کات و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، هەرچەندە لیژنەکەی سەندیکا دەڵێت "4 رۆژە هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی رۆژنامەنوس رەوا بورهان و لەماڵ دەبرێتە دەرەوەو تا ئێستاش چارەنوسی ونە".

دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە پەرەگرافی وت "تا ئێستا ئاسایش بە فەرمی وەڵامیان نەداوینەتەوە کە بڵێن لای ئێمەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی خۆمان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراوە و تۆمەتبار کراوە بەوەی پەیج و ئەکاونتی نەناسراوی بەڕێوە بردووە".

"تێبینیمان لەسەر شێوازی دەستگیرکردنەکەی هەیە، دەڵێن بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە، ئەگەر فەرمانی دادوەر هەیە چ پێویست دەکات بە شەو بچنە سەر ماڵی و دەستگیری بکەن" دیاری وا وت، وتیشی "هەندێک دەڵێن شەوی ڕابردوو و هەندێکیش دەڵێن چەند شەوێک لەمەوپێش دەستگیر کراوە".

هاوکات رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، شێوازی دەستگیركردنی رەوا بورهان، بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، هێزێك چوونەتە ماڵی و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش و سبەینێ دەبرێتە بەردەم دادوەر، "ئەم شێوازی دەستگیركردنە كە لە دوا كاتژمێرەكانی كۆتایی دەوامی فەرمییە، یەكسەر كەیسەكە دەباتە یەكەم رۆژی دەوام كە یەكشەممەیە، ئینجا دەستگرتن بەسەر مۆبایل و كەرەستەی رۆژنامەوانیی چەند رێوشوێنێكن لەگەڵ بەندەكانی یاسای رۆژنامەوانی یەكناگرنەوە".

"ئێمە پێمان باشە ئەدمین و بەرێوەبەری پەیج و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بە تایبەتیش مەبەستمان لەوانەن كە كاری میدیایی دەكەن، بەڵام كام حزب و دەزگا ئەمنیتان خەریكی ئەم ئەتوار نیین، دەستهەڵبڕن؟" ڕێکخەری سەنتەری میترۆ وادەڵێت.

ڕەحمان غەریب نیگەرانە لە بێدەنگیی میدیاو ڕۆژنامەنووسان لە دەستگیرکردن و پێشێلکاریی بەرامبەر هاوپیشەکانیان و دەڵێت "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەزگا رۆژنامەوانیانەی كە زۆرن و (رەوا بورهان) كاری تێدا كردووە، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو تەنانەت ئەم ماوەی دەستبەسەرە لە رای گشتییان شاردۆتەوە. دەنگمان دەخەیەنە پاڵ ئەو كەمینە لە هاوكارانمان كە دوای ئازادكردنی (روا بورهان) دەكەن، داواش لەو زۆرینەیە دەكەین كە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بێدەنگییەكەیان بشكێنن و لانی كەم وەك هەواڵێك بڵاویبكەنەوە".

حیزبی بوونەکەی سەندیکا ڕۆژنامەنووسان تۆختر دەبێتەوە

لەسەر دۆخی ڕۆژنامەوانیی لە سلێمانی، لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا باسلەوە دەکات، ژمارەیەک سکاڵاو پەیوەندی رۆژنامەنوسان لەو پارێزگایەوە ئاڕاستەی لیژنەکەیان کراوە کە "هەست بە مەترسی بۆ سەر ژیان و کەسایەتییان دەکەن".

"ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان" لیژنەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وادەڵێت، داواش دەکات "هەرچی زوترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچاردەبین رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ ئازادی رۆژنامەنوسی ئاگاداربکەینەوە".

لیژنەکەی سەندیکا لەگەڵ دۆسیەی ڕەوا بورهاندا، ئاماژە بە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش دەکات بە ناوی هۆشیار عەلی، پەیامنێری سایتی وشە کە لەلایەن هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستگیرکراوە و دەڵێت "ماوەیەک لەمەوبەر لەشەوێکدا بۆ روماڵ دەچێتەدەرەوە، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە هەڵدەکوتنەسەری و دەستگیر دەکرێت و تورەکەی پرتەقاڵی تیرۆرستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت و دواتر ئازاد دەکرێت. جگەلەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنوسیەکەی دەگرن، شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیاردەبێت".

پاشان بژار حەکیم جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە لەسەر پشکی یەکێتییە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بەیاننامەی لیژنەکەی سەندیکا بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت "بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێکی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، کە بەهیچ شێوەیەک زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نییەو ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەکەینەوە".

جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، پێیوایە بەیاننامەی لیژنەکەی سەندیکا لەسەر ئاسایشی سلێمانی "زمانێکی تووندو تۆمەتبەخشە"و "زمانێکە پڕیەتی لە رق و دووبەرەکی و زەقکردنەوەی کاری حیزبی لەناو سەندیکا"، دەشڵێت "ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داکۆکی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، کە لە هەولێر و دهۆک چەندین پێشێلکاری زەق و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناکرێت".