ئەمڕۆ شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆی نەوت و بوودجە دەچێتەوە بەغداد

27-11-2022 11:29
وێنەی ڕۆیشتنی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

پەرەگراف

ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات بۆ گفتوگۆ سەبارەت بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە جێگیرکردنی پشکی هەرێمە لەناو پرۆژەیاسای بوودجەدا.

جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "بەرنامەمان ئەوەیە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بکەین، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ نووسینەوەی یاسای بوودجەی ٢٠٢٣ بکرێت، پلانش هەیە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراق کۆببینەوە".

وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە هەموو داتاکان سەبارەت بە "خەرجی و مەلەفی نەوت و میلاکات"ی هەرێم ئامادە کراون و "پێشتریش لە ڕێگەی دیوانی چاودێریی داراییەوە دراوە بە دیوانی چاودێریی فیدراڵی".

جووتیار عادل وتیشی "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت کە ئەو داتا و بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم دایناوە، لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقدا (وەکوو پشکی هەرێم) دابنرێت".

سەبارەت بە ڕێژەی پشکی هەرێمیش لە بوودجەی عێراق، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت "بەپێی ئیستحقاقی هەرێم، پشکی هەرێم ١٧٪یە، بەڵام بەپێی دوایین سەرژمێریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەسەدا ١٤یە".