چەند بڕیارێكی نوێ لە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

06-04-2020 06:07
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی‌و بە ئۆنلاین ئەنجام درا


پەرەگراف

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە‌سە‌رپە‌رشتی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبووەوە و چەند بڕیارێكیدا؛ لە ناویاندا بەردەوامیی قەدەغەی هاتووچۆی تەواو تا كاتژمێر 12ی ئەمشەو.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە

ئەمڕۆ دووشەممە ٦/٤، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێگە‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسە‌وە‌، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە دوا رێكار و ئامادەكارییەكانی قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەكان، كرا.

جیگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاوڵاتیانی لە‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھە‌روە‌ھا سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد لە‌بە‌ر پابە‌ند بوونیان بە‌ رێنماییە‌كان و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا؛ كە‌ ئەركی حكومە‌تە‌ پێش ھە‌موو شتێك ژیانی ھاوڵاتیانی ‌بپارێزێت، و ئە‌م پلانانە‌ی حكومە‌تیش هەر بۆ ئە‌و مە‌بە‌ست و ئامانجەیە.

دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێكی لەبارەی دواپێشهاتەكانی بڵاو بوونەوەو ئامارەكانی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، هەروەها ئاماژەی بە پلانەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغەی داهاتوو و پێداویستییەكانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەكانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بكەن.

پاش گفتوگۆیەكی وورد لەبارەی دوا رێكارەكان و هەنگاوەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئە‌م بڕیارانە دران:

1- بەردەوام بوونی بڕیاری پێشووی قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواو بۆ ٤٨ سەعات وەك ئێستا تاوەكو كاتژمێر ١٢ ی ئەمشەو.

2- بۆ ڕێكخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ كە تا ١٠-٤-٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان دەردەچێت بۆ دابینكردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاولاتیان لە ڕێگای ڕێكاری نوێ و دیاركردنی كات وشێوازی كاركردنیان بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكانی خۆپارێزیی وتایبەتمەندیی یەكە كارگێڕییەكان بەو شێوەیەی لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە كۆبونەوەكەدا خرایە ڕوو.

3- كاتێك دیاری بكرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و كارمەندانی ماندوونەناس كە خزمەتی هاوڵاتییان دەكەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەكە دیاری دەكرێت.

4- سوپاسی هاوڵاتیان دەكرێت لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەكان، هەروەها ستایشی وەزارەت و كارمەندانی جێبەجێكاری بڕیارەكان كرا.

5- وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێكردنی رێكار و رێنماییەكان، راسپێردران كە راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو، بە ڕچاوكردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.

6- وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.