دادگای فیدراڵی عێراق ڕە‌تیكرده‌وە فەرمان بۆ ڕاگرتنی كاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربكات

28-11-2022 02:06

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی عێراق داوایەکی ڕەتکردەوە بۆ دەرکردنی فەرمانی سالاری بە مەبەستی راوەستاندنی کارەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان تا ئەو کاتەی ئەو داوایە یەکلایی دەبێتەوە کە لە دادگاکە تۆمار کراوە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.

داواکە لەلایەن یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانەوە لە دادگای فیدراڵی کراوە، دوای ئەوەی ناوبراو داوایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد لەسەر نادەستوریبونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و داواشیکرد کارەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕابگیرێت تائەوکاتەی دادگاکە بڕیار لە داواکەی دەدات.

یوسف محەمەد ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دادگای ناوبراو بڕیاری خۆیان سەبارەت بە داوا ھاوپێچەکەی ئێمە بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەرکردنی فەرمانی سالاریی رەد کردەوە بۆ وەستاندنی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا دەرچونی دوا بڕیاری دادگا سەبارەت بە کۆی داواکەمان لەسەر  نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمان".

"پاساوی دادگا بۆ رەد کردنەوەی دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە بریتییە لەوەی کە دەرکردنی فەمانەکە سیفەتی پەلەی نییە و، وا لێک ئەدرێتەوە کە بڕیاری پێشوەختە بێت سەبارەت بە داوا سەرەکییەکە کە بریتییە لە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان" سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وادەڵێت.

یوسف محەمەد دەشڵێت "ئێمە پێمان وابو کە دەرکردنی ئەو فەرمانە سالارییە پێویست بو، چونکە لە حاڵەتی دەرچونی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی بە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، شەرعییەتی کۆی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمان دوای ماوەی شەرعیی خۆی دەری کردون یان دەریان ئەکات ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ئەتوانرێ تانەیان لێبدرێ".

دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوە، چەند داوایەک لە دادگای فیدراڵی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆمارکران، لەوانەش ئەو داوایەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق.

"بە خوێندنەوەی بڕیارەکانی پێشوی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەتایبەت لەم دەستە تازەیەیدا و، بە پشت بەستن بە دەقەکانی دەستوری عێراق (کە ھاوڵاتیانی ھەرێمیش دەنگیان پێداوە) و پشت بەست بە بنەماکانی دیموکراسی، گەشبینین بەوەی دادگای ناوبراو دواجار بڕیار ئەدات بە نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان" سەرۆکی پێشووی پەرلەمان وادەڵێت.