ئاوی بەنداوەكانی هەرێم 50 ملیۆن مەتر سێجا زیادی كرد؛ هێشتا دوو لەسەر سێی بەنداوەكان خاڵین

28-11-2022 05:17
بەنداوی دووكان

پەرەگراف

بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئاستی ئاوی بەنداوەكان ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا زیادی كردووە. زۆرترین ڕێژەی باراناو ڕژاوەتە بەنداوی دووكانەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەكەی دەڵێت "ئەو بڕەی زیادی كردووە بەراورد بە قەبارەی بەنداوەكە، زۆر كەمە".

بەپێی خشتەیەك كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بڵاوی كردووەتەوە، لە شەپۆلە بارانەكەی ٢٥ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە، بەنداوی دووكان زۆرترین بڕی ئاوی باراناوی تێ‌ ڕژاوە كە ٢٩ ملیۆن مەتر سێجایە.

كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان، بە پەرەگرافی وت "ئاوی دەریاچەكە ١٥ سانتیمەتر زیادی كردووە، كە ئەوە بڕێكی كەمە بەراورد بە گەورەیی قەبارەی بەنداوەكە". وتیشی "ئێستا تەنیا لەسەدا ٢٩ی بەنداوەكە ئاوی تێدایە و چاوەڕێین بارانی ئەمساڵ ئەو لەسەدا ٧١ـەكەی دیكەی پڕ بكاتەوە".

هەرچی بەنداوی دەربەندیخانیشە تەنیا حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوەكەی زیادی كردووە، بەوەش ئاستی ئاوی بەنداوەكە ١١ سانتیمەتر زیادی كردووە. لە كۆی ١٤ بەنداوی دیكەش ئاستی ئاو ١٤ ملیۆن مەتر سێجا زیادی كردووە.

بەپێی خشتەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكانی هەرێم، بەنداوی دووكان كە توانای گلدانەوەی نزیكەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا تەنیا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە، بەنداوی دەربەندیخانیش كە توانای گلدانەوەی زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا 930 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەم شەپۆلی بارانبارینانەی ئەم كاتانە، هی زیادكردنی ئاوی بەنداوەكان نییە، هەر ئەوەندەیە كە خاك پێویستیەتی". هاوكات دەڵێت "سەرەتایەكی باشە بۆ زیادكردنی ئاو، چونكە پار ئەم كاتە 20 ملم باران لە دووكان باریبوو، ئێستا 70 ملم باریوە".

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 بەنداوی گەورە هەن كە لە توانایاندایە نزیكەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە. بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینیان، نزیكەی نۆ ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە و نزیكەی لەسەدا 95ی ئاوی بەنداوەكان پێك دەهێنن، كۆی بەنداوەكانی دیكە نزیكەی 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرن و تەنیا لەسەدا پێنجی كۆی ئاوی بەنداوەكانی هەرێم پێك دەهێنن.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، ئێوارەی سبەینێ‌ سێشەممە 29-11-2022، شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "ئێوارەی سێشەممە ٢٩-١١-٢٠٢٢، دابارین دەست پێ دەكات. سەرەتا لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای هەرێم بە شێوەی تاوەباران و برووسكە، پاشان نمەباران زۆربەی ناوچە كانی هەرێم دەگرێتەوە. بۆ ڕۆژی چوارشەممە دابارین تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".