نێچیرڤان بارزانی و سوودانی: ڕێگە بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و گرووپی چەکدار لە هەرێم نادرێت

28-11-2022 08:31

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاوڕان کە ڕێگە بە گروپی چەکدار لە ھەرێم و هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوه بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم.

ڕاگەیەندراوەکە باس لە ناوەڕۆکی دواین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکان دەکات.

"سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیران ئەلسوودانی بە تەواوی هاوڕا بوون و دووپاتیان كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوه بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەستەشوەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام ڕێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت، بۆیە هەولێر و بەغدا بە تەواوی هاریكاری و هەماهەنگی دەكەن و ئاسایشی سنوورەكان دەپارێزن، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش هاوكار و هەماهەنگ دەبن و ڕێكاری پێویست دەگرنە بەر" سەرۆکایەتی ھەرێم وادەڵێت.

سەرۆکایەتی ھەرێم دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی داوەو جەختی كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیەتی لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش، "هاوكات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بەپێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت بە گفتوگۆ و لێكگەشتن و چارەسەری ئاشتیانە ببەستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵێكی ئەرێنی و بنیاتنەرانە لەمبارەیەوە بگێڕێت".

ئەوە لەکاتێکدایە لەدوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان بە ھۆی مەرگی ژینا ئەمینی لە ئێران کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژە بەردەوامن، ئێران چەندینجار بە مووشەک و درۆن بارەگای حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی لە ھەرێم بۆردومان کردووەو زیاتر لە ٢٠ شەھیدو دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە.

ھاوکات لەسەر داوای ئێران، محەمەد شیاع سوودانی سەردانی تاران دەکات و یەکێک لە دۆسیەکانی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەووڵاتە ئاسایش و سنوور و بۆردومانەکانە.