مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆتی پرۆسەی خوێندن و دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند

29-11-2022 01:06

پەرەگراف

مامۆستایانی وانەبێژ بایكۆتی پرۆسەی خوێندن و دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند و دەڵێن "چاوەڕوانیمان بۆ ئەوەی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە گفتوگۆ و كۆبوونەوە چارەسەر ببێت، كۆتایی هاتووە".

ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "هیچ هەواڵێكی كرداریی دڵخۆشكەرمان بۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی پەروەردە و حكومەتەوە نەبیستووە و نەبینیوە، بۆیە مامۆستایانی وانەبێژ باجی بێخەمیی حكومەت لە كەرتی پەروەردە نادەن و چیدی باری گرانی پەروەردە بە شایستەی ناشایستە هەڵناگرن".

هەروەها ئاماژەیان بەوە كرد كە "ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتژمێر 10، بایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی قەزاكان دەستی پێ‌ كردووە، مامۆستایانی وانەبێژ ئامادە نین پرسیاری وەرزی یەكەم ڕادەستی خوێندنگاكانیان بكەن، مەگەر ئەوەی وەزارەتی پەروەردە وەڵامێكی كرداری و خێرای بۆ داواكارییەكانیان هەبێت".

وەكوو خۆیان باسیان كرد، 30 هەزار و 465 مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕ كردووەتەوە. وتیشیان "هیچ بیانوویەكی لۆژیكیی دارایی و ئیداری بۆ بەگرێبەستنەكردنی مامۆستایانی وانەبێژ نییە".

لای خۆیشیەوە دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، وتی "نەبوونی مامۆستایانی وانەبێژ، دەبێتە هۆی پەككەوتنی پرۆسەی پەروەردە".

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوای لە حكومەت كرد كە مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی "گرێبەست یان هەمیشەیی" دابمەزرێنێت. وتیشی "دڵنیاین لە ساڵی 2023 بەشێكیان دەكرێن بە گرێبەست".

سەبارەت بە ئەگەری دانەنانی پرسیاری وەرزی یەكەم لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە، دڵشاد عومەر وتی "ئەوكات ئێمە مامۆستای میلاكمان هەیە و پرسیارەكان بە لیژنە دادەنێین".

دەربارەی مەرجداركردنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان لەلایەن حكومەتەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت "لەگەڵ هیچ مەرجێكدا نیین بۆ پلەبەرزكردنەوە، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەین بەبێ‌ مەرج".