پەرلەمانتارانی یەکێتی: حکومەتی هەرێم شکستی ھێناوە.. پارتی: ئەگەر ئەوە ڕای یەکێتییە باشترە بکشێنەوە

29-11-2022 02:44
متمانەدان بە کابینەکەی مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان ١٠-٧-٢٠١٩

پەرەگراف

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا پەرلەمانتارانی یەکێتی هێرشی تووندیان کردەسەر کابینەکەی مەسرور بارزانی و بە "شکستخواردوو" لە قەڵەمیاندا، لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی: ئەگەر ئەوە ڕای یەکێتییە باشترە لە حکومەت بکشێنەوە.

هەریەکە لە سەرکۆ گەڵاڵی و کاروان گەزنەیی پەرلەمانتارانی یەکێتی حکومەتیان بە شکستخواردوو لە قەڵەمدا لە ئەنجامدانی چاکسازیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

لە وەڵامی ئەوانیشدا زانا مەلاخالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، ئەو وتانە بە ڕای کەسیی پەرلەمانتاران وەردەگرن، وتی "ئەگەر بەڕای فەرمی لایەنێکی سیاسی وەربگرین باشترە ئەو لایەنە لە حکومەت بکشێتەوە، نەوەک بڵێت حکومەتەکە حکومەتی چەتەسازییەو لەناو حکومەتەکەشدا بمێنێتەوە".

پاشان ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتی "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومەتی ئەو هێزە سیاسیانەیە كە پێكیانهێناوە، هه‌ر عه‌یب و عارێكی هه‌بێت هی ئه‌و هێزە سیاسیانه‌یه‌ كه‌ پێكیانهێناوەو هه‌ر ده‌ستكه‌وتێكیشی هه‌بێت هەر هی ئه‌و هێزانەیە".

"وتنەوەی درووشم و گشتاندنی بۆ ئەو هێزە سیاسیانە نابێت كە خۆیان بەشێكن لە حكومەت، چونكە پریشكێكی بەر خودی هێزە سیاسیەكەش دەكەوێت" سەرۆکی پەرلەمان وای وت.

ئەوە لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی وەزاری یەکێتی، بەهۆی نیگەرانییەکانیەوەو کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەردەوامە لە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.