ئاسایشی سلێمانی ھەوڵێکی قاچاخچێتی چەک ئاشکرا دەکات؛ سەدان چەک و ھەزاران فیشەک دەستیان بەسەردا گیرا

29-11-2022 08:23

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لەدوو ھەڵمەتی جیادا دەستیان گرتووە بەسەر ٦٠٠ پارچەچەک لەجۆری کڵاشینکۆف و دەمانچە و زیاتر لە شەش ھەزار فیشەک کە ویستراوە بە قاچاخ و نایاسایی ساغ بکرێتەوە.

ئاسایش دەڵێت "رۆژی پێنج شەممە ٢٤ / ١١ / ٢٠٢٢ لە بازگەی سلێمانی - عەربەت گومانلێکراوێک لەکاتی لێپێچینەوەو جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی بەرامبەری، خاڵی پشکنین دەبەزێنێت و دوای ئەوەی ھەڵدێت ئۆتۆمبێلەکەی لە رێڕەو دەردەچێت و وەردەگەڕێت دواتر دەستگیرکرا، دوای پشکنین دەرکەوت لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکە بارێکی چەکی پێبووە کە پێکھاتبوو لە زیاتر (٢٥٠) دووسەدوپەنجا دەمانچە".

ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت "دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەر لەسەر ئەم کەیسە لێکۆڵینەوەی وورد دەستی پێکرد و زانیاری زیاتر بەدەستھات لەسەر کۆگایەکی نھێنی کە سەدان چەک و ھەزاران فیشەک و پێویستی و پارچەی یەدەکی چەکی تێدا حەشاردراوە".

"لە ئۆپراسیۆنێکدا بەھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە ناحیەی تەکێ سەر بەقەزای چەمچەماڵ لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداریدا(کایەندا) بارێکی تری چەکی ھەمان قاچاخچی دەستیبەسەرداگیرا کە پێکھاتبوو لە زیاتر (٣٠٠ کڵاشینکۆف و دەمانچە، ٥ ھەزار فیشەک و دەیان جۆر لە پێویستی و پارچەی یەدەکی چەک) کە ئامادەکرابوو  بە قاچاخ مامەڵەی پێوەبکرێت. تەواوی کەیسەکەش رووبەڕووی دادگا کرایەوە بۆ رێوشوێنی یاسایی پێویست" ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.