هەڕەشەكان لە سنووری هەرێمەوە بۆ سەر ئێران دۆسیەی گەرمی سەردانی سوودانی بۆ تاران بوو

29-11-2022 10:30
كۆبوونەوەی نێوان عەلی خامنەیی و محەمەد شیاع سوودانی

پەرەگراف

پاراستنی سنوورەكانی نێوان هەرێم و ئێران لەو مەترسییانەی كە بەرپرسانی ئێران دەڵێن ڕووبەڕووی وڵاتەكەیان بووەتەوە، گەرمترین دۆسیەی سەردانەكەی سوودانی بۆ تاران بوو. ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران پەیامی كۆتایی وڵاتەكەی لەوبارەیەوە بە گوێی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا دا و داوای لێ‌ كرد حكومەتی بەغداد پاراستنی سنوورەكان بگرێتە ئەستۆ.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئێران بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا گەیشتە پایتەختی ئەو وڵاتە، لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێرانەوە پێشوازیی لێ‌ كرا و كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا.

دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا سوودانی ڕایگەیاند كە كار لەسەر یاداشتێكی لێكتێگەیشتن دەكەن بۆ چارەسەری كێشە ئەمنییەكان و ڕێگە بە هیچ گرووپ و لایەنێك نادەن عێراق بەكاربهێنێت بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران.

دواتر سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
میدیای فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوە لەگەڵ خامنەیی، سوودانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ئاسایشی عێراق و ئێران لە یەك جیا نییە، بەپێی دەستووری عێراق ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادەن خاكی عێراق بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی ئێران بەكار بهێنێت".

لە وەڵامی قسەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیشدا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، وتوویەتی "بەداخەوە ئێستا لە هەندێك ناوچەی عێراقەوە (هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران) دروست بووە".

خامنەیی بە سوودانیی وتووە "ڕێگەچارە ئەوەیە حكومەتی ناوەندی عێراق دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەو ناوچانەش فراوان بكات"، كە مەبەست لێی ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێم و ئێرانە.

پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لەو سنوورانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی ناوچەكەی كردووە. دواجاریش لەم مانگانەی دواییدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.

لە دواین هەنگاویشدا، ئێران چەند ڕۆژێكە هێزی زۆری بۆ ناوچەكانی سەر سنووری هەرێم گواستووەتەوە و هەڕەشەی ئەوە دەكات كە ئەگەر لەلایەن هەرێم و عێراقەوە ڕێگری لەو هەڕەشانە نەكرێت كە ڕووبەڕووی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتەكەی دەبنەوە، ئەوا هێرشی زەمینی بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم دەست پێ‌ دەكات.

پاش لەشكركێشییەكەی ئێران بۆ سەر سنوور، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو جار سەردانی بەغدادی كرد و ئەو پرسەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ‌ كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان "ھاوڕان كە ڕێگە بە گرووپی چەكدار لە ھەرێم و هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت".