وەزارەتی کارەبا: کارەبای ماڵان ١٠ ئەمپێر کەمدەکرێتەوەو داهاتمان لە سێ ساڵدا لەسەدا ٤٣٧ زیادیکردووە

30-11-2022 01:44

پەرەگراف

وەزارەتی کارەبای هەرێم کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای ماڵانی بە بڕی ١٠ ئەمپێر ڕاگەیاندو ئاماری بەرهەمهێنان و داهات و تێچووی کارەبای بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت "بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کارەبا و کەمکردنەوەی بچڕانی کارەبا لە وەرزی زستان، وەزارەتی کارەبا بڕیاریدا بڕی ئەمپێری کارەبای ماڵان لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر کەم بکرێتەوە".

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین و سەرما، ساڵانە لۆد لەسەر کارەبا زیاددەکات بەهۆی بەکارهێنانی کارەبا لەبری سووتەمەنی بۆ گەرمکردنی ئاو و ناوماڵ.

وەزارەتی کارەبا هەندێک ئامارو داتای بڵاوکردووەتەوەو وەک "دەسکەوتەکانی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم" ناوی بردووە، بەپێی ئامارەکان توانای بەرهەمهێنان بە قەبارەی ٦١٥ مێگاوات زیادکراوە لە سێ ساڵی تەمەنی ئەم کابینەیەی حکومەت.

هەربەپێی ئامارەکان، داهاتی کارەبا لەسەدا ٤٣٧ زیادیکردووەو لە ٢٠١٨دا داهاتی کارەبا ٢٨٩ ملیار دینار بووە، بەڵام لە ٢٠٢١دا بەرزبووەتەوە بۆ ترلیۆنێک و ٢٦٥ ملیار دینار.

هاوکات لە بەرامبەر زیادبوونی داهاتدا، تێچووی کارەباش بە ڕێژەی لەسەدا ٣٧.٥ کەمبووەتەوە، لە ٢٠١٨دا تێچووی کارەبا ١٢٨ ملیار دینار بووە، لە ٢٠٢١دا کەمبووەتەوە بۆ ٨٥ ملیار دینار.