هەیسەم جبوری سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەستگیر کرا

30-11-2022 03:06

پەرەگراف

هەیسەم جبوری سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بە تۆمەتی "زیادبوونی لە ڕادەبەدەری سامانەکەی" و تێوەگلان لە دۆسیەی "دزیی سەدە" دەستگیر کرا.

دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی جبوری پشتڕاست کردەوەو دەڵێت، فەرمانی دەستگیرکردنەکەی جێبەجێکراوەو، ئەوەش بە تۆمەتی دەوڵەمەندبوون و کۆکردنەوەی پارە بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەر حیسابی دارایی گشتی.

هەیسەم جبووری لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

"فەرمانی دەستگیرکردنە دوا ئەوە هات، فەرمانگەی خۆپارێزی لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، گەڕان و لێکۆڵینەوەی لە موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێل و زێڕ و قەرز و مووچەکەی وەک راوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیران کرد و دەرکەوت، پارەیەکی زۆری کۆکردووەتەوە کە (16,157,291,000) دینار دەبێت" دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وادەڵێت.

بەپێی یاسای دەستەی دەستپاکی و کۆکردنەوەی نایاسایی پارەو سامان، ئەگەر هەیسەم جبوری تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوەو بە تاوانبار دابنرێت، ئەوا سزاکەی کەمتر نییە لە 7 ساڵ زیندانی و پێبژاردنێک کە هاوتابێت بەو پارەیەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆی کردووەتەوە.

هاوکات میدیاکانی عێراق لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی جبوریدا، دەڵێن، ناوبراو تۆمەتێکی دیکەشی لەسەر ئەویش تێوەگلانیەتی لە دۆسیەی "دزیی سەدە"، کە دزینی ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتیی باجە.