وەزیری خوێندنی باڵا: لە ئەنجومەنی وەزیران هەمووان پشتگیریی دەرماڵەی خوێندکاران دەکەن و گەشبینم ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت

30-11-2022 04:23
داخستنی ڕێگەی سەرەکی سلێمانی لەلایەن خوێندکارانی خۆپیشاندەر، ١٧-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ھەردی عوسمان- پەرەگراف.

پەرەگراف

وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، لە ئەنجومەنی وەزیران کەس نییە پشتگیریی دەرماڵەی خوێندکاران نەکات و گەشبینە کە ئەمساڵ پێدانی دەرماڵە جێبەجێ دەکرێت.

ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر ئەوانە بۆ دەرماڵە کردوویانەو پرۆسەکە ڕێکاری یاسایی خۆی بڕیوە.

وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی: لەگەڵ وەزیری دارایی نووسراوی هاوبەشیان بۆ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بەڵام کەی پرسی دەرماڵە دەخرێتە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەوە لە کاتێکدایە خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین ماوەیەکە بایکۆتی خوێندنیان کردووەو بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی داوای دەرماڵەو بە یاساییکردنی دەکەن.