بافڵ تاڵەبانی 'بە شەخسیی دژی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گاز دەوەستێتەوە' کە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ

01-12-2022 02:19
بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد، ٢٨-١١-٢٠٢٢. وێنە؛ لیزی پۆرتەر/ عێراق ئۆیل ڕیپۆرت

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی پەردە لەسەر ناکۆکییەکی نێوان حیزبەکەی و پارتی لادەبات کە تایبەتە بە پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی و دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێتەوەو دەڵێت: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.

سەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشک دەخاتەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی عێراق.

بافڵ تاڵەبانی ڕەخنە لە پارتی دەگرێت کە "بودجەی سلێمانی ڕاگرتووە"و وتی: حکومەتی هەرێم زۆر بە سیاسی کراوەو دوو ئیدارەییەکی ئەمری واقیع هەیەو سلێمانی دەبێت خۆی بودجەی خۆی دابین بکات.

بەپێی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دروستکردنی بۆرییەکی نوێی گازە بۆ هەناردەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا کە دەتوانرێت دواتریش سوودی لێوەربگیرێت بۆ ناردنە دەرەوەی گاز بۆ تورکیا، دروستکردنی ئەو بۆرییە دراوە بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردووەو لە کاتێکدایە کێڵگەو سەرچاوەی گازەکە لە ناوچەی حکومڕانی یەکێتیدایەو بووەتە بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەداو هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕێگەیان بە کارکردنی کۆمپانیاکە نەداوەو بە پڕۆژەکەیان سڕ کردووە.

بەپێی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، بافڵ تاڵەبانی بەشێوەیەکی شەخسیی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، بەو پێیەی بە وتەی ئەو گرێبەستەکە بە "هیچ پڕۆسەیەک" و بە "بێ تەندەر" دراوە بە کارگروپ، دەڵێت "کارگروپ گرێبەستەکەی نەبردەوە، بەڵکو پێیدرا. ئەمە سوکایەتییە بە خەڵکی کوردستان و عێراق کە ئەم شتانە ڕوو بدەن".

سەرۆکی یەکێتی باسلەوەش دەکات، دەیانەوێت بەشداربن لە بڕیاردانی ستراتیژی سەبارەت بە کەرتی وزە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوانی لە پڕۆسەکە دوورخستووەتەوە.

لە ناو ئەو کێشەو ناکۆکییانە لەگەڵ پارتی، هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی یەکێتی لەگەڵ بەغداد تادێت سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت، بافڵ تاڵەبانیش ئەوە ناشارێتەوە.

"من لەوە تێناگەم بۆچی ئیرادەیەک نییە بۆ کارکردن لەگەڵ بەغداد" بافڵ تاڵەبانی وادەڵێت، دەشڵێت "بەسرە هەزار جار دەوڵەمەندترە لە تەواوی کوردستان. تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت بۆلام و پێم بڵێ، ئا بافڵ وەرە قۆرییە بچوکەکەی خۆت بخەرەسەر ئەم مێزە بۆ ئەوەی ببیت بە بەشێک لەم مێزە زەبەلاحە کە بەسرەشی تێدایە، ئەوە بۆ من وەکو ڕێککەوتنێکی بێوێنە وایە".