سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەکەن

02-12-2022 11:59

پەرەگراف

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوەو جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن لە ماوەی ساڵی داهاتوودا، وەک ئەوەی لە بەرنامەی کاری حکومەتدا هاتووە. 

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، ھەریەکە لە؛ دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، ئامادەی بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی گوتاری سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها پێویستی دەرچواندنی ئەو یاسایانە کرایەوە کە لە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکاندا رەزامەندیان لەسەر دراوە.

سێ سەرۆکایەتییەکە تەئکید دەکەنەوە لەسەر پێویستی دانانی یاسای بودجە، هەروەها گرنگی بەهێزکردنی ڕێکارەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی.

بەپێی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێن.

ھەروەھا دەبێت لەماوەی شەش مانگی یەکەمی حکومەتدا یاسای نەوت و گاز دەربکرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، ھەر لە شەش مانگدا یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی دەربکرێن.