قائیمقامی ماوەت: دوو هاووڵاتی لە بۆردوومانەكەی توركیادا گیانیان لەدەست داوە

02-12-2022 02:38
فۆتۆ: ڕێكخراوی سی پی تی

پەرەگراف

قائیمقامی ماوەت لەبارەی ئاماری قوربانییانی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر شاخی كێلەشین، ڕایگەیاند "دوو كەس گیانیان لەدەست داوە و سێ‌ كەسی دیكە بریندار بوون".

كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو كەسانەی بوونەتە قوربانی، هاووڵاتیی مەدەنی بوون و بۆ دەستكەوتنی گیای پایزە چوونە ئەو شاخە".

پێشتر تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTی ئەمریكی ڕایگەیاند "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا پێنج جار بە سەختی بۆردوومانی شاخی كیلەشین لە سنووری گوندی زەروونی سەر بە قەزای ماوەتیان كردووە و چوار ڕاوچییان بە ئامانج گرتووە".

ڕێكخراوەكە سەرەتا برینداربوونی "دوو ڕاوچی" و "بێسەروشوێنبوون"ی ڕاوچییەكی دیكەی ڕاگەیاندبوو. وتیشی "یەكێك لە بریندارەكان كە بە سەختی بریندار بووە، ناوی (مام كوێخا)یە و ناوی یەكەمی ئەو ڕاوچییەی تریش كە بێسەروشوێن بووە (عەزیز)ـە".

قوربانییەكان خەڵكی گوندی قامیشن و بۆردوومانەكە لە دەوروبەری كاتژمێر 1:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە.

دواتر ڕێكخراوی سی پی تی ڕایگەیاند "ئەو هاووڵاتییە مەدەنییەی كە ئەمڕۆ لە بۆردوومانەكەی توركیادا بۆ سەر شاخی كێلەشین بێسەروشوێن بوو، ناوی (عەزیز محەمەد ڕەسووڵ)ـە و تەرمەكەی بە كوژراوی لەلایەن براكەیەوە دۆزرایەوە".