نێچیرڤان بارزانی پاسکیلێکی دەستی دووی گرانبەھا بەدیاری دەبەخشێتە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا

02-12-2022 06:38
دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و بۆریس جۆنسن کاتێک بارزانی لە مانگی چواری ئەمساڵ سەردانی بەریتانیای کرد.

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی پاسکیلێکی دەستی دوو بەدیاری دەبەخشێتە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە بە نزیکەی پێنج ھەزار دۆلار بۆی کڕیوە.

بەپێی ماڵپەڕی میرەری بەریتانی، پاسكیلەكەی نێچیرڤان بارزانی کە بە چوار ھەزار پاوەند کڕیویەتی، یەكێك لەو دیارییە گرانبەهایانەیە كە بەخشەرەكان دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بە بۆریس جۆنسۆنیان بەخشیوە.

نێچیرڤان بارزانی لە مانگی چواردا سەردانی بەریتانیای کرد، بەڵام تۆماری کابینەکەی جۆنسن ئاماژەی بە ھیچ جۆرە دیارییەک نەکردووە کە لەنێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا ئاڵوگۆڕکرابێت لەو سەردانەدا.

نێچیرڤان بارزانی لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەو دیارییەی بەخشیوەو لەبەرئەوەی بەخشینەکە دوای دەستلەکار کێشانەوەی جۆنسۆن بووە لەپۆستەکەی، وەک دیارییەکی کەسیی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات بەوەش ئەو دیارییە دەبێتە موڵکی خۆی کە بەھاکەی نزیکەی پێنج ھەزار دۆلارە.

ھەر دیارییەك كە بەهاكەی لە 140 پاوەند زیاتر بێت‌و پێشكەشی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بكرێت، سەرۆكوەزیران دەبێت رادەستی بكات‌ و ببێت بە موڵكی وڵات نەك موڵكی تایبەتی خۆی، یاخود دەبێت جیاوازیی نرخەکەی بداتە دەوڵەت و ئەوکات دیارییەکە بۆخۆی ھەڵبگرێت.