پارتی‌و گۆڕان پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمیان پێشكەش كرد

28-03-2019 04:07
مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم ڕۆیشت، نێچیرڤان بارزانی دەچێتە شوێنی.


پەرەگراف

پارتی‌و گۆڕان پڕۆژەیاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكیان لە پەرلەمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، لەبارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و ئەو پرسەیان سپاردووە بە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو واژۆیان لەسەر پڕۆژەكە یاساكە نەكردووە، بەڵام دەنگی پێویستی پەرلەمانتاران هەیە بۆ تێپەڕاندنی ناتوانن پەكی بخەن.

بەپێی پڕۆژە یاساكە، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت، تائێرە پارتی‌و گۆڕان هاوڕاو كۆكن، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و هەمان دەسەڵاتەكانی پێشوویان دەبێت، گۆڕانكاریی لە دەسەڵاتەكان هێڵراوەتەوە بۆ كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستەڕوو، پڕۆژەكەیان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنیانە لەگەڵ گۆڕان‌و بە واژۆی 68 پەرلەمانتار پێشكەشیان كردووە.

"موفاتەحەی هەموو فراكسیۆنەكانمان كرد، بەڵام چەند فراكسیۆنێك نەیانتوانی واژۆمان لەگەڵ بكەن، داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین ڕێكارەكان بگرنەبەر بۆئەوەی بەزووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەكەمی ئەو پڕۆژە یاسایە ئەنجام بدرێت"، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وای وت.

ئومێد خۆشناو هیوای خواست فراكسیۆنەكانی دیكەش بەتایبەت یەكێتی بەشداربوونایە لەو پڕۆژە یاسایەدا، "ئەوە دواین ڕێگامان نییە دەمانخواست ئەو پڕۆژەیە كە ڕەهەندێكی تەواو نیشتمانی هەیە هەموو لایەنەكان هاوشان بوویناینە، بەڵام كە نەهاتنە پێش پێمانوایە زۆر درەنگ كەوتووەو ئەمڕۆ پێشكەشمان كرد."

شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا ناكۆكی خستبووە ناو لایەنە سیاسییەكان، هەندێكیان لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بوون لەلایەن خەڵكەوە وەك پارتی، هەندێكی دیكەیان وەك گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكێتی‌و یەكگرتوو پێداگرییان دەكرد سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێستا كە لەم پڕۆژە نوێیەدا ئەوە جێگیر كراوە، گۆڕان بە دەستكەوتی لە قەڵەم دەدات.

"بابەتێكی ئەساسییە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت. جیاوازیمان لە دەسەڵاتەكاندایەو ئەوەمان هێشتووەتەوە بۆ نووسینەوەی دەستوور"، عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆ گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان وادەڵێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵی هەماهەنگیی دەدەن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كە واژۆیان لەسەر پڕۆژەكە نەكردووە، وتی"لامان گرنگە لەسەر دەسەڵاتەكانیش بگەینە ئەنجام."

بەپێی پڕۆژە یاسای كاركرادنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ تەواوبوونی خولی پەرلەمانی كوردستاندا كۆتایی پێدێت، ئەم خولە متمانە بە سەرۆك دەدات‌و كە خولەكە تەواوبوو دەبێت خولی نوێی پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ هەڵبژێرێت.

لەگەڵ كاراكردنەوەی دامەزراوەكەدا، نێچیرڤان بارزانی وەك كاندیدی پارتی لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەشی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.

پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لەكاتێكدایە تائێستا تەنها پارتی‌و گۆڕان ڕێككەوتوون لەسەر كابینەی نوێ حكومەت، پارتی لەگەڵ یەكێتی سەرباری زیاتر لە 10 كۆبوونەوە نەگەیشتووەتە ڕێككەوتن، هەربۆیە فراكسیۆنی یەكێتی بڕیاری لە حیزبەكەی وەرنەگرتووە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان.

سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 دامەزرا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 12 ساڵ هەبوونی ئەو دامەزراوەیەدا تەنها یەك سەرۆكی بەخۆیەوە بینی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی.

بارزانی لەساڵی 2013دا دوو خولی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواوكرد(8 ساڵ) دواتر 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو تا كۆتایی مانگی 10ی 2017 وازهێنانی ڕاگەیاندو ئامادە نەبوو لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.

لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و ئەنجومەنی دادوەریی‌، ئێستا بەپێی پڕۆژە نوێیەكە دامەزراوەكە كارا دەكرێتەوەو دەسەڵاتەكانی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.