ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی

05-05-2019 05:44
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و گۆڕان. وێنە؛ بڕیار نامیق


پەرەگراف

پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی دوا خاڵی لەسەر پیتەكان دانا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و چیدی پڕۆسەكە ڕاوەستان بەخۆیەوە نابینێت،  نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: هەرسێ لایان خۆیان بە براوە دەزانن.

وەفدی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆی لە سلێمانی بەسەر بردوو لەگەڵ دوو حیزبەكەی دیكەی پێكهێنەری كابینەی نوێی حكومەت دواین كۆبوونەوەی ئەنجام دا.

پارتی سەرەتا لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە كۆبووەوە‌و گەیشتنە دواین لێكتێگەیشتنی نێوانیان كە بەهۆی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە دەدرێتە یەكێتی، نیگەرانیی لە نێوان گۆڕان‌و پارتی دروست بووبوو.

ئەمڕۆ پارتی بە فەرمی سوپاسی گۆڕانی كرد كە ڕازیبووە بە زیادكردنی ئەو پۆستە بۆ یەكێتی‌و لێكتێگەیشتنی گۆڕانی لەسەر ئەو پرسە بەرز نرخاند.

دوای كۆبوونەوەكەی نێوانیان وتەبێژانی گۆڕان‌و پارتی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان بۆ ڕاگەیاندنەكان ئاشكرا كرد، شۆڕش حاجی وتەبێژی گۆڕان ئەوەی خستە ڕوو، بەلای ئەوانەوە پلەو پۆست گرنگ نییە، وتی "ئەو بەڵێنەمان لە پارتی وەرگرتووە كە لەم كابینەیەو چەند ساڵی ئایندەی ئەم حكومەتەو ئەم خولەی پەرلەمان تەئكید لەسەر ئەوە بكرێتەوە كە دامەزراوەكانی كوردستان بە نیشتیمانی بكرێن لە پێشیانەوە هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە تایبەتەكان".

وتەبێژەكەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا چاویان لەوەیە بەرنامەی كاری حكومەتی ئایندە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێككەوتننانەی لە نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان كراون ئامادە بكرێت.

لایخۆیەوە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، سوپاسی حیزبەكەی بۆ گۆڕان ئاشكرا كرد لەبارەی ڕازیبوونی بزووتنەوەكە بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، وتی "چەند ڕێكارە یاساییەكان ڕێگا بدات پڕۆسەكە بەرەو پێش دەچێت‌و ڕاناوەستێت".

وتەبێژەكەی پارتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لە نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان بە پێویست زانی بۆ ئامادەكردنی كارنامەی كابینەی نوێ كە تێڕوانینی هەرسێ حیزبەكەی تێدابێت.

دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان، وەفدەكەی پارتی چوونە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێیان لەگەڵ ئەو حیزبە واژۆ كرد.

دوای واژۆ كردنی ڕێككەوتنەكە، كۆسرەت ڕەسوڵ‌و نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەیان كرد‌و پیرۆزباییان لە خەڵكی كوردستان كرد.

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ڕێككەوتنەكەی بە "مێژوویی" ناوبرد‌و هیوای خواست خزمەتی خەڵكی كوردستان بكرێت.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی پیشاندا كە دوای ماوەیەكی دورودرێژ، ئەمڕۆ نەخشە ڕێگای دامەزراندنی كابینەی نوێی حكومەت بە ئەنجام گەیشت.

"ئەوەی گرنگە كارەكانمان بە دانوستاندن‌و لێكتێگەیشتن بە ئەنجام گەیشت" نێچیرڤان بارزانی وای وت، وتیشی "هەرسێ لامان ڕێككەوتنی تەواومان هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ. هەرسێ لا خۆمان بە براوە دەبینین".

جێگری سەرۆكی پارتی هیوای خواست بتوانن كاربكەن بۆ خزمەتی خەڵك‌و بژێویی خەڵكی كوردستان بەرەو باشتر ببەن.

كۆبوونەوەو ڕێككەوتنەكانی ئەمڕۆ لە كاتێكدان 217ڕۆژە هەڵبژاردن ئەنجامدراوەو هێشتا هەنگاوی كرداریی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە پەرلەمانەوە دەستی پێنەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژانی داهاتوو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكرێتەوەو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت ڕابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.