بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی: ئەوانەی بێڕێزییان بەرامبەر پزیشكەكە كردبوو دەستگیركران

06-04-2020 07:17


پەرەگراف

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند: ھەموو ئەوانەی بێڕێزییان بەرامبەر پزیشكەكەی سلێمانی كردبوو دەستگیركران و ڕووبەڕووی یاساو دادگا دەكرێنەوە.

"بەناوی ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانی داوای لێبوردن لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین و ئەو ڕووداوە نەخوازراوەی لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەی ھاتووچۆ ڕوویدا ڕەفتارێكی ناشایستەی تاكەكەسی بووە" لیوا حەسەن نوری بۆ كەناڵی گەلی كوردستانی وای گوتووە.

بەڕێوەبەری ئاساشی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، ھەموولایەك ڕێز لە ماندووبوون‌و شەونخونی پزیشكان‌و كارمەندانی تەندروستی بگرن كە لەسەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنان، داواش لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات ڕێ بەھاتووچۆی تەواوی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بدرێت كە وەك سەربازی ون لە خەمی پاراستنی سەلامەتی ھەموو لایەكدان.

"بەچاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئازیزانمان لە كەرتی تەندروستی دەڕوانین و لە چەند ڕۆژی ڕابردووش ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی گوڵبارانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستییان كرد، ئەم وێنە جوانە ھیچ كەسێكی نابەرپرس ناتوانێت بیشێوێنێت و تەئكیدیش دەكەینەوە لە یەكخستنی زیاتری ھەموو تواناكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستی و كارگێڕییەكان بۆ پاراستنی سەلامەتی ھەموو لایەك" لیوا حەسەن وادەڵێت.

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ لە پزیشكێكیان دا، ڕووداوەكە كاردانەوەی پزیشكانی لێكەوتەوەو لە بەیاننامەیەكدا داوای لێپێچینەوەی جددی‌و سزادانی هێرشكارانیان كرد، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیان كرد.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕووداوەكە هاتە دەنگ‌و ڕایگەیاند: داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ھێرشی سەر پزیشكێكی شاری سلێمانی بكرێت و ڕێككاری یاسایی بگیرێتە بەر.

ئەو پزیشكەی لێی دراوە پسپۆڕی بێهۆشكارییەو دوای تەواوبوونی دەوام بە ڕێگاوە بووە بۆ ماڵەوە، بەڵام هێزێكی ئەمنیی لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆدا ڕایان گرتووەو دواتر هێرشیان كردووەتەسەری.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستبەجێ چوونەتە شوێنی ڕووداوەكەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە.