قائیمقامی ماوەت: یەك هاووڵاتی شەهید بووە و دوان بریندارن

02-12-2022 07:27
وێنەى شەهید و بۆردوومانەکە

پەرەگراف

"چوار هاووڵاتییەكە لە ئەشكەوتێكدا بوون و مووشەكێكیان ئاراستە كراوە، دواتر دوانیان لە ئەشكەوتەكە هاتوونەتە دەرەوە، مووشەكێكیش بەو دوو كەسەوە نراوە و لە ئەنجامدا یەكێكیان شەهید و ئەوی دیكەیان بریندار بووە، دواتر دوانەكەی ناو ئەشكەوتەكە ویستوویانە فریای ئەوان بكەون، جارێكی دیكە مووشەكێكیان ئاراستە كراوە و كەسێكی دیكەشیان بریندار بووە"، ئەمە چیرۆكی ئەو چوار هاووڵاتییەی شارباژێڕە كە ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە لە چیای ئاسۆس كرانە ئامانج.

قائیمقامی ماوەت كە چیرۆكی ڕووداوەكەی بەو شێوەیە گێڕایەوە، سەبارەت بە دوایین زانیاری لەسەر ئاماری قوربانییانی ڕووداوەكە ڕایگەیاند "یەك هاووڵاتی شەهید و دوانی دیكە بریندار بوون". دەشڵێت "ئەو هاووڵاتییانە كە چوار كەس بوون، چەكیان پێ‌ نەبووە و شوێنەكەش چەكداری پەكەكەی لێ‌ نیە، بەبێ‌ هیچ پاساوێك بۆردوومان كراون".

كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت، كاتژمێر 6:30 خولەكی ئەمشەو لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار كەس لە خەڵكی قامیش، بۆ قارچك و گۆیژ و ئەو بەرهەم پایزییانە دەچنە سنووری گوندی زەروون، بەڵام لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە بە سێ‌ مووشە كراونەتە ئامانج".

كامەران حەسەن وتیشی "تیمی فڕۆكەوانی لەبەر بارودۆخی ئەمنی، نەیتوانیوە بچێتە ئەو شوێنە، چونكە زۆربەی كات فڕۆكە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسوڕێتەوە. لەبەر سەختیی ناوچەكەش، پاش نزیكەی سێ‌ كاتژمێر شەهید و بریندارەكان گەیەندراونەتە سەر شەقامی قیرتاوكراو".

سەبارەت بە دۆخی بریندارەكان، قائیمقامی ماوەت وتی "بریندارێكیان تەندروستیی جێگیرە و ئەوی دیكە بۆ چارەسەر ڕەوانەی قەڵادزێ‌ كراوە".

قائیمقامی ماوەت لەگەڵ ئەوەی جەختی كردەوە كە "ئەو شوێنەی هاووڵاتییەكانی لێ‌ بوون بە هیچ جۆرێك چەكداری لێ‌ نییە، تەنانەت ئەو شوێنە خەڵكی مەڕداری لێ‌ بووە"، بەڵام وتیشی "هیچ شاراوە نییە كە ڕەنگە 15 ساڵ ببێت كە بارەگای پەكەكە لە چیای ئاسۆس هەیە، بەڵام چیاكە ڕووبەری فراونە و لە قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی گەڵاڵە".

پێشتر (ئێوارەی ئەمڕۆ) كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت، بە پەرەگرافی وت "دوو كەس گیانیان لەدەست داوە و سێ‌ كەسی دیكە بریندار بوون"، بەڵام دواتر دەركەوت ئەوە زانیاریی سەرەتایی بووە و ژمارەكە لەوە كەمترە.

پەرەگراف دوایین جار لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی ئەمشەو لە زاری قائیمقامی ماوەتەوە دوایین ئاماری ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە کە "یەک شەهید و دوو بریندارن".

لە سەرەتای ڕووداوەكەشدا، تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTی ئەمریكی ڕایگەیاند "فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا پێنج جار بە سەختی بۆردوومانی شاخی كێلەشین لە سنووری گوندی زەروونی سەر بە قەزای ماوەتیان كردووە و چوار ڕاوچییان بە ئامانج گرتووە".

دواتر ڕێكخراوەكە دوایین زانیاریی لەسەر بۆردوومانەكە بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند "پێنج كەس بریندار بوون و كەسێك گیانی لەدەست داوە".

سی پی تی ناوی بریندارەكانی بڵاو كردووەتەوە كە بریتین لە "محەمەد قادر ئاغا، كوێخا محەمەد عەلی كە بە سەختی بریندارە، زانا محەمەد عەلی، سەعید محەمەد ڕەسووڵ و ساڵح قادر". دەشڵێت "شەهیدەكە ناوی (عەزیز محەمەد ڕەسووڵ)".

تەندروستیی ماوەت دەڵێت "تیمی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەكە كراوە و چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەكان كراوە".