پەرلەمانی عێراق متمانەی بە دوو وەزیرە نوێیەکەی پارتی و یەکێتی بەخشی

03-12-2022 01:42
نزار ئامێدی و بەنگین ڕێکانی لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازییان لێکرا

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا متمانەی بە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی بەخشی بۆ پۆستی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوەو ژینگە.

بەنگین ڕێکانی لە پشکی پارتی بوو بە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نزار ئامێدی لە پشکی یەکێتی بە وەزیری ژینگە.

بە وەرگرتنی ئەو دوو وەزارەتە پشکی کورد بوو بە چوار وەزارەت لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی و ئەو دوو حیزبە هەریەکەیان دوو وەزیری هەیە.

 

پێشتریش فوئاد حسێن لە پشکی پارتی وەک وەزیری دەرەوەو خالید شوانی لە پشکی یەکێتی وەک وەزیری دادی عێراق دەستبەکاربوون.

کابینەکەی سوودانی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە پەرلەمان متمانەی پێدراو ٢١ وەزیر دەنگیان لەسەردرا، تەنها وەزارەتی ژینگەو ئاوەدانکردنەوە پڕنەکرانەوە، ئەوەش بەھۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، پارتی داوای هەردوو وەزارەتەکەو یەکێتی داوای یەکێکیانی دەکرد.