لاهور شێخ جەنگی ڕەخنەی تووند لە کەناڵی ڕووداو دەگرێت لەسەر بڵاونەکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی

03-12-2022 08:27
لاھور شێخ جەنگی لەگەڵ سەنگەر عەبدولرەحمان بێژەری کەناڵی ڕووداو لەکاتی تۆمارکردنی چاوپێکەوتنەکە

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، ڕەخنەی تووند لە کەناڵی ڕووداو دەگرێت لەسەر ئەوەی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییان لەگەڵدا کردووە، بەڵام بڵاوی ناکەنەوە.

"هەروەک پێشبینی کرابوو بەهۆی هەندێک قسەی هەق و ڕەق لەسەر دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم و لایەنی سیاسی و تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەشێکی قسەکانیش کە دڵخوازی ڕووداو نەبوو لەسەر ئەو کەسانەی کە تەمویلی کەناڵەکە دەکەن، خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبوون و ئامادەنەبوون چاوپێکەوتنەکە بڵاوبکەنەوە" لاھور شێخ جەنگی وادەڵێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی لاھور شێخ جەنگی

وەک ئاشکرایە لە ڕابردوودا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بە هۆکاری ئەوەی کە بە کەناڵێکی نا بەرپرسی زانیوە و کاری ڕاگەیاندنیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و سیاسی کردووە، بەڕێز لاهور شێخ جەنگی کەناڵی ڕووداوی بایکۆت کردبوو.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو کەناڵە چەند جارێک و لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکیان کرد، سەرباری چەند جارێک ڕەتکردنەوە لەلایەن بەڕێزیان، بەڵام بڕیار بەدەستانی کەناڵەکە نیەتپاکی خۆیان دەربڕی و بە گرنگییەوە داوای ئەنجامدانی ئەوچاوپێکەوتنەیان کردەوە، هەر بۆیە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕەزامەندی دەڕبڕی، بەو مەرجەی دەقی چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی لەو کەناڵە بڵاوبکرێتەوە، چاوپێکەوتنێکی دوو کاتژمێری ئەنجامدا و تیادا ڕاشکاوانە ڕا و سەرنج و ڕەخنە و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر کۆی گۆڕانکاری وپێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستە ڕوو، بەڵام بەداخەوە کەناڵی ڕووداو نەیتوانی بەرگەی قسەکانی بەڕێزیان بگرێت، هەروەک پێشبینی کرابوو بەهۆی هەندێک قسەی هەق و ڕەق لەسەر دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم و لایەنی سیاسی و تێوەگلانیان لەگەندەڵی و بەشێکی قسەکانیش کە دڵخوازی ڕووداو نەبوو لەسەر ئەو کەسانەی کە تەمویلی کەناڵەکە دەکەن، خاوەنی بەڵێنی خۆیان نەبوون وئامادەنەبوون چاوپێکەوتنەکە بڵاوبکەنەوە، بەمەش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی ڕووی ڕاستەقینەی کەناڵی ڕووداوی بۆ کۆمەڵانی خەڵکیکوردستان ئاشکرا کرد بەم کارەیان کە پێچەوانەی ئەخلاقیاتی کاری ڕاگەیاندنە، جارێکی تر سەلماندیان کە ناتوانن بانگەشەی پیشەییبوون وڕاستگۆیی بکەن و ئەوەیان تەئکید کردەوە کە ڕووداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و مەرامی کەسی دروستبووە، نەک کاری ڕاگەیاندن کە پیشەیەکی گرنگ و پیرۆزە.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی

بەڕێز لاهور شێخ جەنگی