پێنجەم دانیشتنی دادگا لەسەر داوا یاساییەکانی پەرەگراف لەدژی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو

04-12-2022 01:38

پەرەگراف

ئەمڕۆ پێنجەم دانیشتنی دادبینی دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگراف کە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆماری کردوون لە دادگای ھەولێر بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکاندا سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و پارێزەر کارزان فازڵ لە ڕێکخراوی DHRD کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا، لەگەڵ پارێزەرانی ھەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەبوون.

پاشان بەھۆی نەگەیشتنی دۆسیەی ھۆشدارییەکان لە دادنووسی سلێمانییەوە بۆ دادگای ھەولێر کە لە ١٨-١٠-٢٠٢٢وە دادگا داوای کردووە، دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی ھەردوو دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بۆ ١٥-١٢-٢٠٢٢.

سەرنووسەری پەرەگراف داوای یاسایی لەسەر ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم تۆمارکرد بەھۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، ئەوەش دوای ئەوەی ناوەڕاستی ئەمساڵ لەڕێی ھۆشداریی دادنووسەوە داوای زانیارییەکانی کردو لەماوەی یاساییدا وەڵامی داواکان نەدرانەوە.

لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ ھەولێر، لە ١٠-١١-٢٠٢٢دا داواکەی سەرۆکی پەرلەمان لە دادگای سلێمانی لە بەرژەوەندی سەرنووسەری پەرەگراف یەکلابووەوەو دادوەر بڕیاریدا بە "پابەندکردنی داوالەسەرکراو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای کارەکەی، بە پێدانی سەرجەم ئەو داتاو زانیارییانەی لە ناوەڕۆکی هۆشدارییەکەدا هاتووەو ئەم بڕیارە قابیلی تانەلێدانە".