هەشت مانگ بەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب محەمەد تێپەڕدەبێت و دانیشتنی دادگا بەڕێوەنەچووە

04-12-2022 06:29

پەرەگراف

پاش هەشت مانگ لە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەد، خانەوادەی دەڵێن "هێشتا هیچ دانیشتنێكی دادگا بەڕێوە نەچووە و هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر و تازەمان پێ نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی ڕەوشی دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسەكە".

خانەوادەی نەقیب محەمەد لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕایگشتی، جەخت دەكەنەوە كە "ڕەنگە زۆریی كەیسەكان لە دادگا وایلێكردبین ئەم دواكەوتنەمان قبووڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە دۆسیەكەدا قبووڵ ناكەین".

نەقیب محەمەد لەتیف و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بە توندووتیژی دژی خێزانەكەی، لە ناوچەی تانجەرۆ لە سلێمانی تەقەیان لێ كرا، بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانی لەدەست دا و سێ پۆلیسەكەی دیكەش بە سەختی بریندار بوون.

خانەوادەكەی لە ساڵڕۆژی ڕووداوەكەدا دەڵێن "ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر شەهیدكردنی كوڕەكەمان (نەقیب محەمەد لەتیف) تێدەپەڕێت. نەقیب محەمەد ئەو كاتەی شەهید كرا، لە ئەركی فەرمیدا بوو، پاڵپشت بە فەرمانی دادوەر، لەگەڵ چوار ئەفسەری دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی خێزانیدا، ڕاسپێردرابوون داواكراوێك دەستگیر بكەن، بەڵام هێرشیان كرایە سەر".

سەبارەت بە ڕێكارە یاساییەكانی كەیسەكە، خانەوادەی نەقیب محەمەد دەڵێن "بەداخەوە، ئێمە هیچ هەواڵێكی دڵخۆشكەر و تازەمان پێ نییە لەبارەی بەرەوپێشچوونی ڕەوشی دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسەكە، كە جگە لە شەهیدبوونی نەقیب محەمەد، برینداربوونی چوار پۆلیسی دیكە و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس و زیاتر لەوەش تاوانی هەڵاتن لە دەستی یاسای تێدایە".

"وا هەشت مانگ بەسەر دەستگیركردنی تاوانباراندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا هیچ دانیشتنێكی دادگا بەڕێوە نەچووە. ڕەنگە زۆریی كەیسەكان لە دادگا وای لێ كردبین ئەم دواكەوتنەمان قبووڵ بێت، بەڵام هیچ دەستوەردانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە دۆسیەكەدا قبووڵ ناكەین"، خانەوادەی نەقیب محەمەد وا دەڵێن.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن كە لایەنی داواكار لەسەر ئەم كەیسە تەنها ئەوان نین، بەڵكوو حكومەت، وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی خێزانی پێكەوە هەموویان "وەكوو یەك خاوەنی كەیسەكەن و تەنها ڕێگەیش بە یاسا و دادگا دەدەین كاری خۆی بكات".

ماڵی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف جەخت دەكەنەوە كە "هەرگیزا و هەرگیز نە سوڵحمان كردووە و نە سوڵحیش دەكەین، نە هیچ دانیشتنێكی كۆمەڵایەتیی قبووڵ دەكەین بۆ لەدەستدانی ئەم ڕۆڵە ئازیزەمان".

ڕۆژی 12-4-2022، ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی نەقیب محەمەدی ڕاگەیاند و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەاونیدا وتی، ڕۆژی 4-4-2021 توانیویانە دوان لە تۆمەتباران دەستگیر بكەین، دوای كۆكردنەوەی زانیارییش، لە ڕۆژی 12ی مانگ تاوانباری سێیەمیش دەستگیرا كراوە.

ئاسایش ئامادە نەبوو شوێنی دەستگیركردن و وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكان ئاشكرا بكات، بەڵام وتی "چووبوونە دەرەوە و هەر لە دەوروبەری هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون".

تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا "دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی ڕاگیراون".