بەرپرسێکی ئەمەریکی: لە ڕادەبەدەر نیگەرانین لە دواین گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی

05-12-2022 03:10

پەرەگراف

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، واشنتن لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە دواین گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە دەڵێت "ئێمە لە هەوڵداین بە هاوپەیمانەکانمان بڵێین کە یەکڕیزیمان ناوێت تەنها لە پێناوی یەکڕیزی، ئێمە دەمانەوێت ئێوە(پارتی و یەکێتی) پێکەوە هەماهەنگی بکەن لەبارەی چەند پرسێکی هەستیار کە نەک لەبەرژەوەندیی ئێمەدایە، لە بەرژەوەندیی ئێوەشدایە".

ئەو وتانەی بەرپرسە ئەمەریکییەکە لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدایە لەبارەی دواین گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەرییەکانی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان  و کەرتی نەوت و گاز و پێگەی کورد لە حکومەتی فیدراڵی عێراقدا.

ڕۆیتەرز پەرەسەندنی گرژییەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ ڕووداوی کوژرانی هاوکار جاف ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایش کە ٧-١٠-٢٠٢٢ بە بۆمبی لکێندراو ئۆتۆمبێلەکەی لە هەولێر تەقێندرایەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە فەرمی دژەتیرۆری یەکێتی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەوەش ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەیاندە لوتکە.

هاوکات ئەو ئاژانسە  هەواڵییە جیهانییە، لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە دۆسیەی ئەژی ئەمین کردووە وەک بەشێکی دیکە لە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سلێمانییەوە ڕوویکردە هەولێرو لە یەکێتی دەرکرا، بەڵام مەسرور بارزانی ڕۆڵێکی ئەمنیی باڵای پێداوە لە هەولێر.

بەرپرسانی یەکێتی کە ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵدا کردوون، ئاماژەیان بە ئەگەری جیابوونەوەو دوو ئیدارەیی کردووە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ڕەخنەو تۆمەتە بەردەوامەکانی یەکێتی ڕووەو پارتی کە پێیوایە داهاتی هەرێمی کوردستان "بە دادپەروەردانە دابەش ناکرێت و پارتی خزمەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی پێدەکات و سلێمانی لاواز کردووە".

بەرپرسێکی یەکێتی بە ڕۆیتەرزی وتووە "بۆچی چاوپۆشی لەمە بکەین؟"، ئەو بەرپرسە دەشڵێت "ئێمە لیستێک داواکاریمان هەیەو ئێستاش هیوادارین نەگەینە لێکدابڕان و جیابوونەوە بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە ئەگەر داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ نەکەن".