16 تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە

06-04-2020 11:20


پەرەگراف

د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 16 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوەو گەڕانەوە ماڵەوەو ژیانی ئاسایی خۆیان.

هەر ئەمشەو تەندروستی هەولێر چاكبوونەوەی تووشبوویەكی كۆرۆنای ڕاگەیاند، بەوەش كۆی ئەوانەی لە هەولێر چاكبوونەتەوە گەیشتە 20 كەس.

ژمارەی ئەو تووشبووانەی تائێستا لە هەرێم چاكبوونەتەوە گەیشتە 105 كە 78یان لە سلێمانی بووە.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئەمشەو نوێترین حاڵەتاكانی تووشبوونی ڕاگەیاند‌و بڵاویكردەوە: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، سێ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکران، کە سێ ئافرەتن دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەی حاجی ئاوا و ناحیەی بازیانن، دوویان بەرکەوتەی تووشبووی پێشوون و یەکێکی تریان پێشنەی گەشتی دەرەوەی وڵاتی هەیە.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 280 كەس، لەنێویاندا 3 مردن هەیە.

ئەو سێ حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە دوانیان لە سلێمانی‌و ئەوەی دیكەیان لە چەمچەماڵ بووە، هەرچەندە تووشبووی كۆرۆنا بوون، بەڵام نەخۆشیی دیكەیان هەبووەو هۆكاری مردنەكەیان ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە.