خۆپیشاندانەكانی ئێران بەردەوامە؛ پەرەگراف دوایین زانیاری و ئامار بڵاو دەكاتەوە

08-12-2022 12:18

پەرەگراف

لە خۆپیشاندانەكانی ئەمشەوی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، لاوێكی تەمەن ٢١ ساڵی كورد بە ناوی هومەن عەبدوڵڵاهی، بە "تەقەی ڕاستەوخۆ"ی هێزەكانی حكومەتی ئێران گیانی لەدەست دا، بەوەش ژمارەی گیانبەختكردووانی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گەیشتە ١٢٣ كەس. لە سەرتاسەرى ئێرانیش ئامارەکە بۆ "٤٥٨" کەس بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردوونەتەوە، ئەمشەو لە شارەكانی سنە، دەڕەشار، سەقز و بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان بەردەوام بووە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی ئێران "ڕووبەڕووی خەڵك بوونەتەوە و تەقەیان لێ‌ كردوون".

هاوكات لە چەندین شاری دیكەی ئێران لەوانە تارانی پایتەخت، ئەسفەهان، كرمان، یەزد، قەزوین، ئەراك و مەشهەد خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و خەڵك بەردەوام بوو.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی خۆپیشاندانی جەماوەری لە ٤٧ شاری كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام، لانی كەم ١٢٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە كە حەوت ژن و ١٤ کەسی خوار ١٨ ساڵیان لەناودایە، زیاتر لە هەشت هەزار كەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكان حكومەت بریندار بوون.

ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، لە كۆی ١٢٢ هاووڵاتی كە لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە گیانیان لەدەست داوە، ١٠٦ حاڵەت واتە ٪٨٧ كۆی هەموو حاڵەتەكان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكومەت بووە.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت، حاڵەتەكانی دیكەی گیانلەدەستدان بەم شێوەیە بووە: حەوت حاڵەت لەژێر ئەشكەنجە، حەوت حاڵەت بەهۆی لێدانی باتۆم (داری كارەبایی)، یەك حاڵەت بە گازی فرمێسكڕێژو حاڵەتێكیش بە لێدانی چەقۆ.

هەنگاو کە چاودێریی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئاماژەى بەوە کردووە "ئاماری بڵاوكراوە، بەپێی پشتڕاستكردنەوەی ناسنامەی كەسانی كوژراو بووە هەتا ئێستا و تیمی لێكۆڵینەوەی هەنگاو پێی وایە كە ئاماری كوژراو و بریندارەكان لەم ژمارەیە زیاترە".

لە سنووری پارێزگای سنە ٣٩ کەس گیانیان لەدەست داوە: شاری سنە ٢٠ حاڵەت، بانە ٤ حاڵەت، دیواندەرە ٤ حاڵەت، سەقز ٤ حاڵەت، مەریوان ٢ حاڵەت، دێولان ٢ حاڵەت، كامێران ٣ حاڵەت.

لە پارێزگای ورمێ ٤٧ كەس گیانیان لەدەست داوە: مەهاباد ١٤ حاڵەت، ورمێ‌ ٥ حاڵەت، شنۆ ٤ حاڵەت، پیرانشار ٧ حاڵەت، بۆكان ١٧ حاڵەت.

هەرچی پارێزگای كرماشانیشە ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدا تۆمار كراوە: شاری كرماشان ٨ حاڵەت، جوانڕۆ ٧ حاڵەت، شاباد ٣ حاڵەت، قەسری شیرین ١ حاڵەت، سەلاسی باوەجانی ١ حاڵەت. لە پارێزگای ئیلامیش ٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەیت داوە.

لە شارەكانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش ١٥ هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەست داوە: تارانی پایتەخت ٥ حاڵەت، كەرەج ٤ حاڵەت، قوچان ٢ حاڵەت، هەمەدان و قەزوین و ئەراك و ورامین یەكی یەك حاڵەت.

هەنگاو دەشڵێت "لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی بەرخۆدان و ڕاپەڕین لە كوردستان، زیاتر لە ٦٥٠٠ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە حكومییەكان دەستبەسەر و ڕفێندراون. هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٥١٠ كەسیان ئاشكرا بكات، كە لەو ژمارەیە ١٧١ كەسیان ژن و ١٣٨ی دیكەیان منداڵن".

بەگوێرەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی هەنگاو "دەستبەسەركراوان بە شێوەیەكی سیستەماتیك لەژێر ئەشكەنجەی ڕۆحی جەستەییەدان".

هاوكات بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران كە ڕۆژی ٧-١٢-٢٠٢٢ بڵاو كراوەتەوە، لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئەو ڵاتە ٤٥٨ كەس گیانیان لەدەست داوە، لە ناویاندا ٦٣ منداڵ (خوار ١٨ ساڵ) و ٢٩ ژن هەن.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت "ڕۆژی ٦-١٢-٢٠٢٢ دادگای ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ پێنج كەس لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان دەركردووە، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی كە ئەو سزایان بەسەردا سەپێندراوە بۆ ١١ كەس بەرز بووەتەوە".