وەزارەتی داد: هێزێکی 50 کەسیی هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ

08-12-2022 01:53

پەرەگراف

وەزارەتی دادی هەرێم "سەركۆنە و ئیدانە"ی هەڵكوتانە سەر بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ دەكات و دەڵێت "هێزێك هەڵی كوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و سەرجەم دۆسییەی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بە دۆڵابەوە برد".

‎وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ڕۆژی سێشەممە رێكەوتی (6/12/2022) كاتژمێر (1:30)ی دوای نیوەڕۆ، هێزێكی نزیكەی (50) كەسی هەڵیانكوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكە كرد كەوا هەموو دۆسیەكانی ناوچەی (قادر كەرەم) كە نزیكەی (350 تا 400) دۆسیەیە، ڕادەستیان بكات".

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو هێزە "هیچ نووسراوێكی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێكی فەرمیی ڕێپیدراو" پێ‌ نەبووە، بۆیە "بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەڵی داواكارییەكەیان نەبووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، دواتر ئەو هێزە "هەڵسان بەشكاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەكان و سەرجەم دۆسییەكانی موڵكەكانی (قادر كەرەم)یان بە دۆڵابەوە برد، هەروەها دیسكی كامێرای بەڕێوەبەرایەتیی ئاماژە پێكراویان بردووە".

وەزارەتی داد ئەو ڕووداوە بە "شكاندنی سەروەریی یاسا و زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" ناو دەبات و دەڵێت "پێشێلكردنێكی زەقە لەسەر بەڵگەنامە و دیكیۆمێنتی خاوەنداریەتیی هاووڵاتیانی ناوچەكە".

وەزارەتەكە وێڕای "بە توندترین شێوە سەركۆنە و ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەكانی حكومەت"، داواش لە سەرجەم لایەنە فەرمییەكان و دام و دەزگاكانی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەكە و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكات "بە زووترین كات ئەنجامدەرانی ئەم كردەوەیە ئاشكرا بكەن و ڕێكاری یاسایی پێویستیش بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم كردەوەیە بە سزای خۆیان بگەن".

وەزارەتی دادی هەرێم جەخت لە هەرچی زووە گەڕاندنەوەی ئەو دۆسییانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ دەكات.